یەكێتی ئازادانەی (كورد – تورك)
حەسەن هەندرێنی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبەرگرینامەكەییدا واتا (لەكتێبی بەرگریكردن لەگەلێك ( لا431))، دەڵێ: " گونجاوترین مۆدێلی بەلاوەنانی رەوشی قەیران – گێژاوی رۆژهەڵاتی ناوین بەیەكێتی ئازادانەی كورد – تورك تێپەڕدەبێت" .
دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدان لابەلا كاری لەسەر ئەم پێشنیارەی ئۆجەلان كردو زەمینەیەكی رەخساند بۆ دیالۆگ...بەڵام دیالۆگێكی كرچو كاڵ و سەرەنجام بێبەرهەمو كشانەوەیان لەترسی لەدەستدانی سەروەریو نەمانی هەژموونی پارتی دادو گەشەپێدان لەپێگەی دەسەڵات، رەنگە سەرەتا ئەمەیان وەك دەستكەوتێك بینیبێ، كە دۆزینەوەی دەرچەیەكە بۆ چاككردنی رەوشی سیاسی (لەناوخۆو دەرەوەدا) و رەوشی ئابووری ( داتەپیوو) و باری چەقبەستووی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای توركیا، بەڵام كە لەڕووی سیاسییەوە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2015 بینییان كێرڤی دەنگەكانی پارتی پێدابەزین، ئەمەیان بەكارێكی مەترسیدار بینی لەسەرخۆیان، بەتوندی لێی پاشگەزبوونەوەو رێگا پێچەوانەكەیان گرتەبەر، ئەویش هەڵكشانی شەڕو رەتكردنەوەی هەموو خواستێكی ئاشتیو دیموكراسی بوو.
ئەم راستینەیەی ئەردۆغان پێیگەیشت سەرچاوەی لەمێژووی قووڵی توركەكانەوە گرتووە، كە بەدرێژایی هەزاران ساڵ توركەكان لەڕێی( فیدراسیۆنی گەلانی تورك) دژ بە گەلانی دیكەی ناوچەكە كەوتنە هەڵمەت بۆبردنو قڕكردنو فراوانكردنی سنووری جوگرافییان، كە كورد وەك نەتەوەیەكی مەزنی ناوچەكە گەورەترین زیانمەندبووە لەم نێوانەدا، چونكە هەندێكجار وەك نەیارو هەندێكجاریش وەك هاوپەیمان بۆ خزمەت بە ئیمپراتۆریەتو خەلافەت تەنانەت دەوڵەتی مۆدێرنیش دەركەوتوون. كەواتە كورد گەلێكی سەرگەردان بووە لەدەست توركەكان، بەڵام لەهەمانكاتیشدا وەك مۆتەكە لێیڕوانراوەو ئەم ترسە لەگەڵ تاك بەتاكی تورك گەورەبووە تائەمڕۆ، بۆیە ئاسان نیە تورك لەگەڵ كورد بكەوێتە ناو یەك چوارچێوەو (یەكێتی) ئازادانە، هەروەك ئۆجەلان پێشنیاری كردووە، چونكە ئەمە بەهاوتابوون دەزاننو ئەم هاوتابوونە ئەگەر لەسەرێك قازانجی لێببینن، ئەوا لەچەندین سەریش زیانیان لێدەداو، تورك وەك گەلو دەوڵەت لەبەرچاویان بچووك دەبێتەوە، ئەمەش كوشتنی شكۆی بەتوركبوونەو پێچەوانەی ئەو گوتانەیە كە ئەتاتورك بە گەلی توركی رەوا ئەبینێ" ئەو كەسە بەختەوەرە لەتوركیا كە توركە" ئەمە گەیشتنە بەو گیانە بەرزەی كە چەندین ساڵە فوی تێدەكرێ، بۆیە ئاسان نیە ئەم تێزەی ئۆجەلان چ لەڕابردوو هەنگاویان بۆهەڵێنا چ لەئێستاو ئایندەی نزیكدا بەهۆی ئەردۆغان سەربگرێ.
ئەوەی پێشدەخرێ سیاسەتی گێژاوە، كە دەوڵەت دەیەوێ لەگرێژەنەكەیدا گەلانی دیكە بەرەو ژێرەوە ببات. هەر گەلێك ئازانەبێ و ئازادنەبێ لەبڕیاری خۆیدا، شكستەباردەبێ. لەسەرینی ئەمەدایە كورد لەباكوری كوردستان ئامادەیی باشی هەیە لەهەموو ئاستەكاندا بۆ بەرگرییكردن لەنامووسی نەتەوەیی، بەرگرییكردن تا نەكەوێتە دەرەوەی مێژوو، بەرگرییكردن بۆ سڕینەوەی تۆمەتی تیرۆر لەسەری. ئەمەش بەپێشخستنی كرداری دیموكراسییبووە، لەئاشتییانە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ یاساو دامەزراوەكاندا. بێهۆنیە وڵاتانی ئەوروپای رۆژاوا رایان لەسەر كوردو دۆزەكەی تەواو گۆڕاوەو ئەوان دەخوازن وەك تیرۆرو تیرۆریست لەكوردو تاكەكانی نەڕوانرێو كورد وەك نەتەوەیەكی ناوچەكە دەبیننو ئەوەشیان بۆ روونبۆتەوە كە ئەم گێژاوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چارەسەركردنی كێشەی كورد مەحاڵە چاكبوونی. هەروەك ئۆجەلان پێشبینی ئەمەی كردووەو لەدەستپێكی ئەم بابەتەدا خستمەڕوو، هەرچەندە هەنگاوەكانی ولاتانی رۆژاوا زۆر سستن، بەڵام ئەم هەنگاوە سستانەی وڵاتانی رۆژاوا توركیای هەراسانكردووەو خستوویەتیە لەرز، بۆیە دەبینین لەكاردانەوەی ئەم هەوڵانە رۆژانە ئەردۆغان چەند هەڵەی قورس دەكات، كە دوورنیە ئاكامی خراپی بۆ پارتی دادو گەشەپێدان لێبكەوێتەوەو جۆشێكی نوێ بۆ ئاشتیو دیموكراسی بێنێتە پێشەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق