لەپارە زیاتر چیتان هەیە؟
حەسەن مستەفا
ئەم ناونیشانەی سەرەوە، ئاماژەیەكە بۆ وتەیەكی دۆناڵد ترامپ، كە ئاراستەی وڵاتانی كەنداوی كردووە، كاتێك لەسەر ناوچەی ئارام لەهەریەك لەسوریاو یەمەن دواوەو پێی گوتوون: بۆ مانەوەمان لەناوچەكە پێویستە ئەمجارە پارەی بانقەكانتان بێنەدەرەوە، ئەم شێوازە لەدەربڕینی راشكاوانە، لەڕووی كردارییەوە بۆ ئەمریكا شتێكی تازە نیە، پێشتریش لەسەردەمی جۆرج بۆشی باوك، ئەوەمان لەسعودیە بینی كاتێك ئێراق پەلاماری كوێتیداو داگیرییكرد، ترسو لەرز كەوتە دڵی مەلیكو بۆ پارێزگارییكردن لەوڵاتەكەی لەدەستی سوپای ئێراق، ئامادەبوو مارێنزی ئەمریكی، كە لەكچو كوڕ پێكدێ! لەنزیك شوێنێك دایانبەزینێ، كە بەپیرۆزترین خاكی موسڵمانان دادەنرێو بەگەرمییەوە پێشوازییان لێبكات!. ئەمە ئەوە بەدیارەخات، كە ئەم تایپە لە مەلیكو سەرۆكی وڵاتان، تەنانەت سەركردەی حزبو قەبیلەش، بۆ مانەوەیان هەموو ئەو پرانسیپانەی وەك كاری پیرۆز بۆ دەوروبەریان ئەبینرێن، ژێر پێ بنێن!
ئەگەر جۆرج بۆشی كوڕیش توانیبێتی بەهێزی مارێنزو دروستكردنی هاوپەیمان بۆ وڵاتەكەی، سەركەوتنی گەورە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماربكاتو ئەجێندای وڵاتەكەی جێبەجێ بكات. یان ئەگەر ئۆباما توانیبێتی بەكێشانەوەی سوپای ئەمریكا لەئەفغانستانو ئێراق، كەمترین بەریەككەوتن لەگەڵ تیرۆریستان رووبداتو گیانی رۆڵەكانی ئەمریكای پاراستبێ، لەتوندڕەوی تیرۆریستانو توانیبێتی نەخشەی رووخانی وڵاتە گەندەڵەكانی عەرەبی بەشۆڕشی ناوخۆ بسپێرێو وەك رەقیب بەسەریانەوەبێ تاڕۆژی ئەمڕۆ، دەرەنجامەكانی ئەم بەهاری عەرەبییەش بەرچاون، كە خۆ لەنەهامەتیو ئاوارەبوونو كاولبوونی وڵاتەكەیانو روواندنی تۆی نائومێدی بۆ شۆڕشو راپەڕین لەلایەن گەلو ئومێدی گەڕانەوەی خەڵك بۆ چوارگۆشەكانی یەكەم دەبیننەوە، كە بوونەتە خواستێكی زۆرینە. لەسەرووی ئەمانەشەوە ئەم ئاڵۆزییانە رەنگ لەتێڕوانینی وڵاتێكی وەك بەریتانیاش دەدەنەوەو دەشبنە وتەی فەرمی سەرۆكی تازەی ئەمریكاش، كە كەوتنی رژێم یان لەسێدارەدانی كەسێكی وەك سەدام حوسێن بەهەڵە ناودەبەن، ئەمانە ئەو دەرەنجامانەن، كە ئاماژەی ترسناكیان تێدایە بۆئاییندەی ناوچەكە.
ئەپرسین ئەم نەخشە پارچەپارچەبووەی سیاسەتەكانی ئەمریكا چۆن بەسەرۆكێك بەیەكەوە دەلكێنرێنەوە، كە لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربوونییەوە لەسەر كاردانەوە كاردەكات؟ ئەو سەرۆكەی كرداری پێش بیركردنەوەی كەوتوون. تەماحەكانی پێش ئەزموونی ئەوانی پێش خۆی دەكەون. راستە ئەمریكا وڵاتی دامەزراوەییە، بەڵام هەرچی لەڕابردوودا روویانداوە، هەمووی وەك كرداری ئەو سەركردانە دەخوێنرێتەوە كە لەدەسەڵاتدابوونەو بەئەنجامیان گەیاندووە.
پەیماننامەی كامپ دێفید، جولاندنی ئەم كێسە بۆ ئاشتی لەنێوان عەرەب - ئیسرائیل، فەزڵەكەی بۆ جیمی كارتەر دەگەڕێتەوە. كە بەهۆیەوە لەگەڵ ئەنوەر سادات بەهاوبەشی خەڵاتی نۆبڵیان بۆ ئاشتی لە 1974وەرگرت. لای ئەمریكاش روونە هەر هەنگاوێك بۆئاشتی بنرێت لەنێوان (عەرەب- ئیسرائیل ) دەرەنجام هەر ئیسرائیل براوەدەبێ، چونكە ئەمە خواستێكی ئیسرائیلییەكانە لەساڵی 1948ەوە تائەمڕۆ. پێچەوانەكەیشی راستە. جارێكیان جەمال عەبدولناسر گوتبووی: "ئەگەر بنگۆریۆن بێتە ئێرەو قسەبكەین، ئەوا وەك پاڵەوانێكی زاڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر من بچمە ئەوێ لەگەڕانەوەمدا بەر گوللە دەدرێم". ئەمە ئەوە بەدیارەخات هەمیشە هێزی گەشبینو روو لەئاییندە، براوەترو ئازادترە. پێویستە بۆ ئێمەی كوردیش، وەك نەتەوەیەكی روو لەئاییندە، كە لەئێستادا باشترمان بۆ هەڵناكەوێ، داوای مێزی ئاشتی بكەینو بەباوەڕ بەخۆبوونێكی زۆرەوە، كە سەرچاوەی لە جیاوازییو بونیادی نەتەوەییمانەوە گرتبێ، كارنامەی سیاسی بێ تەمومژو هەڕەشە بێنینە سەرمێز. دڵنیام وەك چۆن ناسر ترسی لێنیشتبوو، سەرانی ئێستاش لەهەمان دۆخدان، چونكە بۆ جیهان بەدیاركەوت، كۆمەڵگای عەرەبی بەڕێژەی زۆرینەیان لەمانگایەكی بەشیر دەچن، كە بەردەوام دەستی رۆژاواو ئەمریكا لەگوانەكانییدان. لەبەرامبەرییشدا، بەم پاڵپشتییانەوە مانەوەی یەك سەدە مسۆگەردەكەن. هەر بۆنموونە تەواوی ئەو سەركردانەی شۆڕش بەهاری عەرەبییان لەسەركرا، تەمەنی مانەوەیان لەكورسی دەسەڵات، لەچل ساڵ كەمتر نەبوو. لەوە زیاتر خەونێكیان نیە بۆ ئایندە. با ئێمە تێكەڵ بەم شێوازە لەسیاسەت نەبین، كە لەئێستاوە دەرەنجامەكانی دەبینین، لەشكستو ملدادان زیاتر هیچی دیكەی لێبەدی ناكرێ.
پێویستە كورد وەك پێكهاتەیەكی جیاواز، كە هەمیشە بەجیاوازیش خۆی هێشتۆتەوە، بمێنێتەوەو تێكەڵ بەئەجێنداو سیاسەتە دواكەوتووو نادیموكراتەكانی وڵاتانی دەوربەر نەبێ. ئەگەر بۆ جارێكیش بێ، كورد هەر تەنیا لەخۆی بچێ، كە كوردە. ئەمە ئەیگەیەنێتە خەونە راستەقینەكانی خۆی... ئەمە دەروازەكانی سەربەخۆیی بۆ ئەخاتە سەر پشت. كە خۆی لەدەوڵەت ئەبینێتەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق