الثلاثاء، 14 فبراير 2017

ئۆجالان






 حەسەن مستەفا
1-
 لە جووڵەی پەنجەكانت تێگەیشتم
ئەفسانەش ئەتوانێ‌ وەك جوانوو سمكۆڵان بكات.
لە جیاتی تۆز ، هەتاو لە درزی پەنجەرە سێگۆشەییەكانی دەست
چەپك چەپك
بۆ دەرسیم بەڕێ‌ بخات ‌و
بۆنی دەمی خونچە بكات.
تێگەیشتین..
بە دڵێكی هەلاهەلا
لەبەر دەروازەی ئازادی، ئارامیت هەڵًپەساردووە‌و
زیاد لە سرودێك دیاریت پێیە،
بۆ بەژنی زراڤی ئامەد ‌و
بۆ گەرووی وشكی گەریلا.
2-
 شاهۆیەكی ئۆرفا
سەربردەی یەكەم فڕینی لەبەردەبازێكی هەندرێن تۆماركردبوو
لەو مەودا دوورە ئەوەی  بیركەوتبووەوە
كێ‌ ئاراستەی كرد
كام ئەتلەسی رابەر ئێرەی نیشاندا
تۆ بڵێی دەستیان گرتبێ‌: هەور‌و چیا‌و
                           ئەستێرە‌و زێ‌
یان بە پەیك ناردبێتیان
خەنجەرە جەوهەردارەكەی پاشای گەورە بێنێتەوە رەواندزێ‌
بیری كەوتەوە، فەراقەیەكی تازەبوو
هەڵۆیەك هات..
وانەی فڕینی نیشاندا
زمانێكیشی پێبەخشی كۆدی ئاسمان بكاتەوە.
3-
كۆترێك بە هانكە هانك
لە ئاسمانی ئەڵمانەوە لە باڵەكانی نووسینێك بەجێ‌ دەما
- نوورێكی لەناو سینگی  ئاوێستا لە رەنگی خاچ
ناچارم دەكەی بۆت بنووشتێمەوە،
خۆگەر مایكل ئەنجیلۆ وێنەی داودی لە زاكیرەم نەڕواندبا
وێنەكەییم لەتۆ دەدیت.
وانەزانی هەر بەتەنها هەستی منە
لە گۆڕەپانێكی رۆما پەیكەرێك لەسەكۆكەی هاتە خوارێ‌،
فەرمووی لە گوڵە كێویلە كرد
مادام تۆ ئەوەندە ماندووی، وەرە پشوێك بدە جارێ‌.
پێش ئەوەی بێم
چۆمێكی سەركزی یۆنان، پێلەكانی راسپاردبوو
نامەیەكی پڕپاكانە بدەمە دەستی قەندیل.
كەس ناتوانێ‌ لەتۆ زیاتر
دەخیلە بە ئاوفرۆشێكی وان هەڵپچڕێنێ‌
تا گەرووی داغی گەریلا تەڕتەڕبكا.
كەس نەیتوانی لە تۆ زیاتر
جریوەم پێ‌ ببارێنێ‌، بۆ هەناسەی وەرزەكانتان
خۆ لەوێوە نەمدەزانی وەرزێكیش هەیە بۆ برین
خۆ لەوێوە نەمدەزانی ئێوە كێوێكن بۆ گرین
لێرە لەناوی مانگەكان تێگەیشتم
هەموو شتێك دابەش بووە
بۆ هەرشتێك رێوڕەسمێك
بۆ هەر مەراقێكیش كەسێك
ئێمە لەوێ‌ نامۆبووین بەو رەنگانە
نەماندەزانی رەشەبا
دەستی ئەنقەرە ئەدرێ‌ لەپشتی
ئێمە لەوێ‌ لە ناسكی سروە دەدواین كە دەشكا
تێر تێر لە نازناز رادەماین
كە پڕشنگی خۆری دەنا لە مشتی.
1/2/2007   ‌و  4/4/2008 رەواندز


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق