الأربعاء، 13 نوفمبر 2024

بەرپرسیارێتی پەكەكە لەدۆخی ناوخۆی توركیا

 هاوڕییانى بەڕیز ئەتوانن ئەم بابەتە لەسایتى knnc ش بخوێننەوە .


بەرپرسیارێتی پەكەكە لەدۆخی ناوخۆی توركیا

حەسەن مستەفا

گومانی تێدانیە پەیوەندیێكی بەتین تەنانەت ئۆرگانیش لەنێوان پەكەكەو هەدەپەو ئۆجەلانداهەیە، یان بەجۆرێكی دیكە ئەگەر ناوی تریان بخەینەسەر ( قەندیل- ئامەد- ئیمرالی)، بەڵام ئەوەی گرنگە دەستنیشانكردنی جۆری پەیوەندییەكانیانە.

 پەیوەندی نێوان قەندیل -ئیمرالی پەیوەندیێكی رۆحییە لەنێوان سەرۆكی رێكخراوەكە‌و هەیكەلی رێكخستنی رێكخراوەكە، كە وەك كاریزما ئەبینرێ لەلایان. كاریگەرییەكە لەساڵی1999 تائێستا بەتینتر‌و پڕ واتاتر‌و رەمزیتربووە، چونكە پەكەكە بەر لەم بەروارەش ئۆجەلانی وەك سیمبولی خۆی ئەبینی‌و زۆرجاریش چوارچێوەی فراوانتری پێدەدا، ئەم نەخشاندنە ئەبووە هۆی هەراسانكردنی نەیارانی، بەتایبەت كە بەسەرۆكی نەتەوەیی ناویان دەبرد، ئەمڕۆ هەر بەتەنیا پەكەكە، ئۆجەلان وەك سیمبولێك نابینن، بەڵكو بۆ كەسانێكی نیشتمانپەروەر یان بان نیشتمانی ئەوانەی رەوایەتی بەخەباتی ئینتەرناسیۆنالی دەدەن‌و خۆیان لەڕیزەكان یان لەپاڵپشتیكردنی ( كەجەكە) دا دەبینننەوە، دەیبینن. بەپێچەوانەی پێشبینییەكانی توركیا، پێیان وابوو ئەگەر ئۆجەلان دەستگیربكەن، ئەوا ئەتوانن پارتەكە بپوكێننەوە، بۆیە هەموو هەوڵیان خستەگەر بۆ دەستگیركردنی ئۆجەلان، تا دواجار لە تەوقیتێكدا كە بۆ توركیا‌و  نەتانیاهۆ  گونجاو بوو، بەتایبەت كە  دەزگای زانیاری مۆساد لەدوو هەوڵدا شكستی هێنابوو یەكێكیان بۆ تیرۆركردنی خالد مەشعەل  سەركردەی حەماس لەعەممانی پایتەختی ئەردەن لەلایەن دەستەیەكی كیدۆن‌و دووەمیشیان تیرۆركردنی عەبدوڵڵا زێن ناوێك لە شاری  لیفەبێلدی سویسرا، كە بەڕەچەڵەك كەسێكی لوبنانی شیعە مەزهەب بوو بۆ رێكخراوی حزب الله كاری دەكرد. بۆیە نەتانیاهۆ بۆ شاردنەوەی شكستەكانی رەزامەندی فەرموو بۆ بڵند ئەجەوید بۆ دەستگیركردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان ‌و ئەوەبوو لە كۆمپلۆیەكی نێودەوڵەتی ئۆجەلانیان بەزیندووی خستە ناودەستی تیمێكی توركیا لەنایرۆبی، لەوێ رۆژێوە گۆڕانێكی ریشەیی بەسەر شێوازی خەبات... شێوازی بەرنامە‌و بیركردنەوەی رابەرانی پەكەكەداهات ، لەگواستنەوەی شێوازی خەبات لەتوندوتیژی بەرەو كۆمەڵگای دیموكراسی كە تێیدا پارت‌و رێكخراوە مەدەنییەكان زیاتر رۆڵ بگێڕن بۆ ئێستا‌و ئایندەی وڵات، لەژێر ناوی كەجەكەدا، وەك چەتری كۆكەرەوە بۆ تەواوی حزب‌و رێكخراوە سیاسی‌و مەدەنی‌و كۆمەڵایەتییەكانیان‌و هەمووشیان یەك رابەریان قەبولە ئەویش ئۆجەلانە، كەواتە دەوڵەتی توركیا بەدەستگیركردنی ئۆجەلان نەك قازانجی نەكرد، بەڵكو رووبەڕووە لەگەڵ شێوازێكی تازە لەخەبات ئەویش لەلایەكەوە خەباتی پەكەكەیە لەپاڵ فشارە ناڕەواكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر شارەكانی باكور، خۆی  لەسەر نەخشەی ستراتیژی عەسكەری لەناوبردنی داعش لەعێراق‌و سوریا دەبینێتەوە.  لەلایەكی دیكەشەوە خەباتی دیموكراسی‌و مەدەنییە، كە زیاتر لەناوەوەی وڵات بەریەك دەكەون‌و لەگواستنەوەی چەندین هەنگاوی پێكهێنانی پارت‌و رێكخراو، دواجار بەوەگەیشتن كە هەموویان بەناوی هەدەپە بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكەن. ئەوەبوو لەهەڵبژاردنی مانگی شەشی 2015 ‌و مانگی 11ی هەمان ساڵ هەدەپە توانی بەربەستەكان تێكبشكێنێ‌و ترسێكی گەورە بخاتە دڵی ئەردۆغانی ركابەر‌و خەونە ئیمپراتۆڕییەكەی لەباربەرێ. 

 تائێرە ئەگەر زمان‌و كرداری دیموكراسی كەوتیبَتەكار، بەڵام لەمڕۆژە بەدوا كرداری نادیموكراسی‌و كپكردنی دەنگی ئازادی ‌و بەیەكەوەژیان دەستیان دراوەتێ بەشێوازێك كە كردەوەكانی تەواوی رژێمە دیكتاتۆرو فاشییەكانمان بیرەخاتەوە، چ ئەوانەی رۆیشتوون‌و كەوتوونەتە زبڵدانی مێژوو، چ ئەوانەی ئەم بەرنامەیە پەیڕەودەكەن‌و بەردەوامن لەسەری. 

 هەنگاوەكانی ئەردۆغان زۆر دیارن، هەر لەرەتكردنەوەی دەستی ئاشتی، كە ( ئیمڕالی – قەندیل- ئامەد) هاوڕابوون لەسەر بەموخاتبگرتنی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی، جیاواز لەو رایانەی  پێیان وایە درزێك یان كەلێنێك لەنێوان ئەم پێكهاتانەدا هەیە، ئەمانەی  وائەڵێن لەكاوێژكردنی وتەكانی ئەردۆغان زیاتر شتێكی دیكەیان نەگوتوە. بەتایبەت كە هەندێك راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ قەڵەمەكەیان خستۆتەكار بۆ نیشاندانی گوایە هەبوونی ناكۆكی یان گومان خستنەسەر ئەو خەباتە چەكدارییە رەوایەی كە داداگای برۆكسل دانی بەشەرعییەتی شۆڕشگێڕییەكەیدانا، یان گوایە گەریلا دەستپێشخەربووە لەهەڵگیرسانەوەی شەڕ، ئەمانە ئەیانەوێ رای گشتی چەواشەبكەن، ئەگینا پانۆڕامای رووداوەكان روونن ‌و زۆریش دوورنین. هەر لەپەكخستنی پرۆسەی ئاشتی كە پەكەكە لە ساڵی 1999 تا 2004 تاكلایەنە ئیلتیزامیان بەبڕیاری سەرۆكەكەیانەوەكرد. لەوێشەوە درێژدەبێتەوە تا دەگات بەساڵی 2014 كە لەهەموو ئەم ماوەیەدا پەكەكە دانی بەخۆیداگرت، چالاكییەكانی سڕكرد‌و هەموویان بەخەباتی مەدەنی بۆ ناوشارەكان سپارد، كە باشترین نوێنەرایەتیشیان بێگومان چالاكوانانی هادەپ بوون، هەروەها ئەردۆغان بوو كە رێی سەردانییكردنی ئەندامانی خێزان‌و پارێزەرەكانی لەئۆجەلان قەدەغەكرد، لەهەموویشی گرنگتر‌و پەیوەندیییدارتر بە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان هەردوولا كارەساتی شاری سوروج بوو كە تێیدا 33 ئەندام‌و چالاكوانی مەدەنی كورد شەهیدكەوتن لەئەنجامی تەقینەوەیەكی گوماناوی، كە هەموولا پەنجەی تاوان بۆ دەزگای زانیاری میت درێژدەكەن، ئەمانەن موبادەرەكانی شەڕ نەوەك ئەوەی هەركەسێك بیەوێ بەمەیلی ئەردۆغان تاوانی شەڕ بخاتە ئەستۆی گەریلا. بەڵام گومانی تَێدانیە لەبەرامبەر رژانی خوێنی چالاكوانە گەنجەكان كە خەریكی ئامادەكاری‌و كۆمەك بوون بۆ شاری كۆبانێ، دوو پۆلیس بەدەستی گەنجە خوێن گەرمەكان كوژران، ئەمە دانانی بەردی بناغەی یەكەم چیرۆكی ئەم شەڕەیە كە دەوڵەت چەندین پیلانی بۆدانا تا دواجار نەخشەكەی سەریگرت، ئەبوا پەكەكە لەم خاڵەدا هوشیارتربووایە‌و نەكەوتبایەتە تەڵەكەوە، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی تورك گەمارۆی خستەسەر شارە كوردیەكان‌و باری نائاسایی راگەیاند‌و دەستیكرد بەكوشتنی هاوڵاتیە مەدەنییەكان لەشارە كوردییەكان، ئەكرا هێزێكی وەك پەكەكە لەدیار ئەم تاوانانەو دڕندایەتییە تەنها نمایشكارێك بێ... ؟ ئەوانەی وابیردەكەنەوە ئەیانەوێ پەكەكە وەك هێزێكی پاڵپشت ‌و بەرگریكار لە(گەل)  جیابكەنەوە، كە پەكەكە هەرگیز ئەمەی قەبول نیە ،چونكە ئەو خۆی بەهێزێك ئەزانێ لەقوڵایی جەماوەرەوە سەریهەڵداوەو وەك شەكرو ئاو ئاوێتەی یەكترین.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق