ئێمە وەک گەلى باشورى کوردستان لەبەردەم قەیرانى سیستەمداین، بۆ پیداچوونەوە بەڕابردوو و شەن وکەو کردنى پرسى نەتەوەو ناسیۆنالیزمو خستەڕووى پێشنیارى کۆمەڵگاى دیموکراتیک بابەتێکم نووسیوە ئەگەر تاقەتتان بو بیخویننەوە و سەرنجەکانتان بنووسن... سوپاستان دەکەم .
.
.
تاكە چارەسەر كۆمەڵگای دیموكراتییە
حەسەن هەندرێنی
لەبەر هۆكاری نەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، كورد و گوتاری ناسیۆنالیستی دوو پرسن هەمیشە بە ئامراز و رەگەزە پێكهێنەرەكانی نەتەوایەتی لەڕێی حزب و رێكخراوی سیاسیو جڤاكییەوە یەكتری تەواو دەكەنو تەغزییەی یەكدی دەكەن، ئەمە بۆ قۆناغی مۆدێرن. بەڵام بۆ چاخە كۆنەكان "ئەتنیك فۆڕمی جولانەوەو مانەوەی گوتاری نەتەوەبووە، هێزی بەرگەگرتنی هێرشە بێڕەحمەكانی هەزاران ساڵو زەحمەتییە سروشتییەكانو لەسەر پێ مانەوەبووە"*١، نەك هەر تەنیا بۆ كورد، بەڵكو بۆ هەموو ئەو جڤاكانەی پەیوەندییەكانییان بەزیندوویی لەناوخۆدا هێشتۆتەوە. بەڵام لەسەر ئاستی گشتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم جۆرە گوتارانە زۆر كاڵبوونەتەوە لەبەرامبەر دامەزراندنی حكومەتی هاووڵاتیو خۆشگوزەرانی، كە ئەمڕۆ تەواوی وڵاتانی رۆژئاوا بۆخەمی جڤاكەكەیان خوازیاری زۆرترین خزمەتگوزارییو زانستو زانیارییو خۆشگوزەرانین. یان حزب و رێكخراوەكانیان دروشمی حكومەتی مەدەنیو هاوڵاتی بەرزدەكەنەوەو روویان لە كۆمەڵگایەكی یەكسانە لەڕووی دادپەروەرییەوە، كەمتر ڕوو لە دروشمە نەتەوەییەكان دەكەن، یان خۆ بە بابەتە رەگەزییەكانو ئەتنیكییەكان گرێنادەن، مەگەر لەمدواییانە لەبەرامبەر هەندێك كردەی تیرۆریستی كەلە پایتەختە گەورەكانی وڵاتانی رۆژئاوا روویاندا، پارتێك یان رێكخراوێك هەبێ دروشمی توندی هەڵدابێ لەدژی رەگەزو ئایینی دیاریكراو، بەڵام تا رۆژی ئەمڕۆ لەنێو ئەو كۆمەڵگا پێشكەوتووانەدا ئەمانە كەمینەن، چونكە گوتارەكەیان پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ پرانسیپە سەرەكییەكانی ئازادییو دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤو لیبرالییدا..
لەمڕۆی نێو ئامادەیی بەرفراوانی حزبەكان لە( باشووری كوردستان)دا گوتارەكان تێكەڵەیەكن لە دروشمی بریقەداری نەتەوەییو دامەزراندنی دەوڵەتو دیموكراسیو عەلمانییەتو ریفۆرمی سیاسییو تێكەڵكردنی ئیسلام بەسیاسەت... بێئەوەی شێلگیرانە كار بۆ بنەماكانیان بكرێ، بۆ نموونە: ئەگەر لەباسی دەوڵەت بدوێین دەرفەتێكی بیست و پێنج ساڵی پڕ لە پاڵپشتیی بۆ كورد هاتە پێش، كە بتوانێ هەنگاوەكانی بە ساغی بنێ بۆ هەڵنانی بنەماكانی دەوڵەت، بەڵام دەرەنجامەكانی ئەم دواییە كە خۆ لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا دەبیننەوە، ئەوەی پێگوتین كە كورد ناتوانێ هەلەكانی بقۆزێتەوەو پەرە بە یەكێتی نێوخۆی بداتو كار بۆ پایەكانی دەوڵەت بكات، بۆیە هەرچی لەم چەند ساڵەش بینایكرد، بەهۆی سیاسەتی چەوتو تاكڕەوانەی سەركردایەتییەكەی نەیتوانی ئەم خەونە دیرۆكییە بێنێتەدی. واتا سەركردەكان دەوڵەتێكی بێ ناوەرۆكیان دەویست، بۆیە وەك ئەزموونێكی تاقیكراوە، ئەو دەوڵەتانەی بەپەلە بنیاد دەنرێن و ناوەرۆكیان لا مەبەست نیە. وەك هەموو ئەو ئیش و كارانەی بە سەرەتایەكی خێراو گەشەسەندنێكی بە پەلە دەستپێدەكەن، لەباریاندا نابێ رەگو ریشەیەكی قووڵ بۆخۆیان دابوكتنو بەفراوانی پەلوپۆ بهاون، لەبەر ئەوە هەر هێندەی هەڕەشەیەك روویتێكرد، ئیتر دەكەونە دەمی ئاویلكەدانەوەو هەرەسدێنن، هەروەك ئەو ئەزموونەی خۆمان لەباشووری كوردستان رووبەڕووی هەمان ئەو چارەنووسە بووەوە، كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا لەناو كارەساتە تۆقێنەرەكانییدا بەسایكۆلۆژیایەكی ماندووەوە ژیاندەكەین.
وەنەبێ هەڵەكان هەر بەتەنیا ئەوەبن كە بیری سەركردەكان بۆ دامەزراندنی پایەكانی دەوڵەت نەچووبێ، بەڵكو هەندێك هەڵەش هەبوو بۆ خوێندنەوەی واقیعەكە، بۆ نموونە : لەشێوەی مامەڵەكردندا لەگەڵ بەغدا هەڵەبوون، بەهەموو پێوەرێك دەبوا حكومەتی ئێستای بەغدا كە عەبادی سەرۆك وەزیرانییەتی جیاوازتر ببینرێ لە حكومەتەكانی پێش خۆی بەتایبەت ماوەی حوكمڕانێتی حزبی بەعس، چونكە چەندین كاراكتەری سیاسی لەحزبە كوردییەكان تا رۆژی ئەمڕۆ بەشدارن لەكابینەكەی عەبادی و سەرۆكی كۆماریش كوردەو دەبوا هەر هەنگاوێك كە دەنرا یان لەناوەڕاستی ئەنجامدانی هەڵمەتی راگەیاندن بۆ پڕۆژەكە (ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی) بەهەماهەنگییو لێكتێگەیشتن بوایە، نەك بەدەوری گوتارێك بخولێنەوە لەچوارچێوەیەكی بۆشداو دوژمنێكی وەهمی بۆ خۆیان دروستبكەن، كە تا ئەم ساتە وەختە وەك هاوبەش و شەریك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، ئەمە سیاسەتی بانێكەو دوو هەوایەو پارادۆكس دروستدەكات. خاڵێكی دیكەی لەمانەش گرنگتر ئەوەیە، نەیانتوانی بە (ڕوو) لە ئەزموونە دەوڵەمەندەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكانی رۆژئاوا چاویان بكەنەوەو هەنگاوەكانیان بنێن، ئەمەش لەبەرچاوتەنگیی ئەو هەموو دەستكەوتانەوە سەرچاوەی گرت كە لەپڕ كەوتە بەردەستییانو كەسی دیكەیان بەتەنیشت خۆیانەوە نەئەبینی، ئەگینا كۆمەڵگای كوردستان كۆمەڵگایەكی تێكەڵە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی دیكە كە تەنها لەوە بەرخوداربوون چەند تاكێكیان بە چەند پۆستێكی كەم رازییبكرێن لەنێو چوارچێوەی دەسەڵاتە شاهانەییەكانی خۆیانداو وایان ناچاركردن بەهەموو مەرجەكان رازیی ببن.
ئەنجامەكان هەرچییەك بن پێویستە، بۆ لەمەولا كە دەسەڵاتی كوردی لەبەردەم قەیرانێكی مەترسیداری سیستەمدا رۆژەكانی بەڕێ دەكات، لەڕێی پارتەكانی ناویەوە هەنگاو بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی دیموكراتی بنێن، ئەمە بكەنە بەرمەبنای كاری سیاسیی خۆیان، چونكە ئەگەر نەشتوانین پەند لە ئەزموونە پێشكەوتووەكان وەربگرین، با لەئەزموونی ئەم چەند ساڵەی خوشكانو برایانمان لەڕۆژئاوای كوردستان بڕوانن، كە هەنگاوەكانیان سەركەوتووبووە، هەروەها دەبینین باكوری كوردستانیش دەستپێكێكی سەركەوتووی بڕیوە لەم هەنگاوانەدا، سەرەڕای سەختی خەباتو تێكۆشانی لەپێشیان. ئەوەی لەم شێوە خەباتەدا كورد لەدەستی دەدا تەنیا كاتە نەوەك رووبەڕووی هەرەس و شپرزەیی ببێتەوە، وەك ئەو دۆخە نەخوازراوەی لەباشوری كوردستان هەر چارەگە سەدەیەك، جارێك دووچاری دێین.
•١- ئۆجەلان- كتێبی بەرگرییكردن لەگەلێك- وەرگێڕانی لەتوركییەوە لوقمان غەفور-چاپخانەی رەنج-چاپی یەكەم- لا 98
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق