ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو
نووسینەوەی بیرەوەری ئەگەر هەر پیاهەڵدانی نووسەربێ بەخۆی و خۆی لەو دۆزەی بۆی تێکۆشاوە بە گەورەتر بزانێ و پێی وابێ ئەگەر ئەو نەبوایە نە شۆڕش دەبوو، نە جولانەوەیەک سەری هەڵدەدا، ئەوا لەخۆتەوە وەک خوێنەرێک زوو لێی بێزار دەبی و ناتەوێ لە خوێندنەوەیدا بگەیتە لاپەڕەکانی کۆتایی و دەستی لێ هەڵدەگریت.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو خەریکی خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی شەهید ساکینە جانسز (سارا) بووم، لەژێر ناوی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو)، بەڵام ڕێک پێچەوانەی ئەم میتۆدەی سەرەوە، سەرەڕای ئەو هەموو فیداکارییانەی ئەم ژنە خەباتکارە لە مەیدانی ژیاندا نواندوویەتی، ئەو لاپەڕانەی بۆ ڕەخنە لەخۆگرتنی تۆمارکردوون دەقاتی ئەو لاپەڕانەن کە ستایشێک یان خۆهەڵنانێکی پێوە دیاربێ، بۆیە دوای خوێندنەوەی (٢٢٠٠ ) دووهەزار و دووسەد لاپەڕە نەک هەر لێی بێزارنەبووم، بەڵکو هێشتا دەمویست درێژەیان پێبدات و پەندی فیداکاریی و قوربانییدانی لێوە فێرببم.
ئەم بەرهەمەی نووسیویەتی لەسەر داوای سەرۆکەکەی خۆی بووە، بۆئەوەی فیداکارییەکانی بەرچاوی جیهان بکەون و سەرنجی بدەن و سوود لەم ئەزموونە ببینن.
وا دەبینین ئەم بەرهەمەی بۆ زمانەکانی کوردی، تورکی، ئەڵمانی ، ئینگلیزی، ڕووسی لەبەردەستدان، ڕەنگە بۆ زمانە زیندووەکانی دیکەی دونیاش بڵاوبکرێتەوە.
ئەم کتێبە دابەشی سەر سێ بەرگ کراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە کە لەبەرگی دواوە کورتەیەکی نووسراوە و وەک خۆی دەینووسمەوە.
بەرگی یەکەم: ٨٥٢ لاپەڕەیە، پوختەی ناوەرۆکەکەی لەبەرگی دواوە ئاوا کورتکراوەتەوە:
لەم بەرگەدا، بەدوای شەڕ و تێکۆشانی لێگەڕین ( بەدواداگەڕان)ەکانم ڕاکەڕاکم کرد. خێزان، سیستەم، دەوروبەر، کۆن و هەر شتێک کە بە چەوتم زانی بێت، ڕووبەڕووی خۆمم کردەوە و ڕۆیشتم، بە تایبەتیش بەبێ ئەوەی گوێ بدەم بەوەی بەرەو کوێ و بەچی دەچم. هاوکات بەتەیاربوونێکی شیاو بە گەورەیی و بەرفراوانی ئەم ڕۆیشتنە و نە لە پێگەیەکیشدا بووم، کە بە شێوەیەکی بەهێز جەنگاوەرییەکەی بەڕێوە ببات، وەک جەنگاوەرێکی نەبڕاوە، بێ ئۆقرە، نەشارەزا، پەلەپروز، سۆزدار و سەرهەڵدێرم. بەر هەموو شتێک دەکەوم!
ڕێ ڕۆیشتنێکی بێباکانە، بەڵام ڕاوەستانم بۆ نییە.
بەرگی دووەم: ٩٤٨ لاپەڕەیە، ئەم پەرتووکە تایبەتە بە قۆناغی زیندان، کە یازدە ساڵ لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زیندانی بوو.
پوختەی ناوەرۆکەکەی لەبەرگی دواوە ئاوا کورتکراوەتەوە:
لەم بەرگەدا، بە جەنگاوەرییەکی ڕاشکاو و قەبا لە بەرامبەر بە دووژمن، من بە سەرهەڵدێری و یاخیبوونەوە درێژە بە شەڕەکەم دەدەم، بۆئەوەی ڕادەستی دوژمن نەبم، چاونەترسانە دەجەنگم، بەڵام نەک بە هزر و ڕێکخراوەییەکی تەواو، کە بزانێت بەپێی چی، کەی و بە کام ئامرازانە شەڕەکە دەکەیت.
لەم جەنگاوەرییەدا هەلومەرج و ساتەوەختی ڕێکخراوەبوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی هێزیان تیا خەرج دەکرێت بەباشی هەڵنابژێردرێت. جەنگاوەرییەک، بەڵام وەکو ڕاستینەیەکی کراوە بۆ هەموو جۆرە گورزێک.
بەرگی سێیەم: ٤٠٠ لاپەڕەیە، قۆناغی دوای زیندان، ئەکادیمیا، بەرەکانی شەڕ، ئەوروپا.
پوختەی ناوەرۆکەکەی لەبەرگی دواوە ئاوا کورتکراوەتەوە:
لەم بەرگەدا، باس لەوە دەکەم، کە شێوازی جەنگانم، ڕووبەڕووی هۆکار و بنەماکانی هەبوونی خۆمی کردوومەتەوە، لەگەڵ هەموو کەسێکدا لە دۆخی جەنگدام، بەتەواوی دۆخێکی سەرهەڵدانە! بەهەر یەکێک لەو گوتە و ڕەفتارانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ بەبێ لاکردنەوە لە ڕاستی هەنووکەیی، بەو پەرچەکردارەی بەدەستم هێنابوو و بەو پێوانانەی کە بە گوێرەی خۆم نیشانم دەدان هەم هەڤاڵانم و هەم خۆشم تووشی زەحمەتی دەکردەوە.
ئەم بەرهەمە ئارام پێنجوێنی لە تورکییەوە کردوویەتی بە کوردی.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق