حەسەن هەندرێنی
پێم سەیرە لەنێوان ئەو هەموو دەزگایانەی پاراستنو زانیارییو ئاسایشو موخابەراتو ئەمنو دژە تیرۆرە، كە خەرجییەكانیان بەملیارەها دینارە، نەزانن ئەم فرۆكەیەی شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە، كە تەكیەی توركمانە شیعەكانی قەزای داقوقی كردە ئامانج، چییەو سەر بەكوێیە. با وای دابنێین نازاننو ئەم باسە لەژێر لێكۆڵینەوەو چاودێرییاندایە، بەڵام خوێندنەوەی من بۆ ئەم پرسە ئەوەیە، ئەم فڕۆكە وەهمییە، فڕۆكەیەكی توركییەو لەهەمان تیمی ئەو فڕۆكانەیە، كە چەكدارەكانی داعشی لەسنوری پارێزگای كەركوك دابەزاندووە، بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی شاری كەركوك لەناوەوە یان دروستكردنی گێرەشێوینی تێیدا، ئەمەش بۆ پێكانی چەند ئامانجێكە لەوانە:
یەكەم: توركمانەكانی داقوقو ئامرلی شیعە مەزهەبنو لەسەردەستی هێزە هاوبەشەكانی عێڕاقو پاڵپشتی ئێران ناوچەكانیان لەدەستی تیرۆریستانی داعش پاككرایەوەو مەیلیان زیاتر بەلای عێرراقەوە هەیە تا توركیا، بۆیە بەئامانج دەگیرێن، تا توركیا بتوانێ رێگە خۆشبكات بۆ گەمەیەكی دیكە كە لەڕێیەوە بتوانێ هێز رەوانەی ئەم شوێنانە بكاتو جێگیریان بكات، بەبیانووی پاراستنی توركمانەكان، وەك چۆن لە ناوچەی ئامێدیو بامەڕنیو باشیك جێگیریكردوون بەبیانووی هەبوونی پەكەكە لەناوچەكەدا.
دووەم: ئەیەوێ ئەو پەیامە بەئێران بدات كە ئەتوانێ گورزی خۆی لەئێران بدات، لەهەر كوێیەك بێو چاوترسێنی ئەوانەش بكات كە لەناو خاكی عێراق وەك ئەندازیارو كارگوزار كاردەكەن، هەروەك بینیمان چەند هاوڵاتییەكیان لە ناو وێستگەی كارەبای دوبز لەنێو قوربانییەكان بوونو راستەوڕاست دوای ئەم كارەساتەی بەسەر ئەندامەكانیاندا هات، ئێران داوای كێشانەوەی كارمەندەكانی وێستگەی كارەبای دوبزی كرد.
پێموایە لێرە بەدواوە شەڕی ساردی نێوان توركیاو ئێران پێدەنێتە قۆناغێكی تازەوە، بۆیە لەسەر كورد پێویستە هوشیاربێ، مامەڵەو هەنگاوەكانی دروستبن، بەتایبەت بۆ شارێكی وەك كەركوك ئەركی گران ئەكەوێتە سەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەرپرسیارێتییەكەی زیاترە لەم شارەدا، چونكە لەم ساتەوەختەدا توركیا خەریكە زیاتر دەستی خۆی تێبخاتو وەك ئەڵێ پلانی بی جێبەجیچدەكات. لەوەها دۆخێكدا لەسەر یەكێتی پێویستە ململانێ ناوەخۆییەكانی نێوانیان وەلابنێنو وەك یەك تیم هەروەك لەڕووداوی كەركوك بینیمان كاربكەنو ئامادەگییان زیاتر بكەن لەم شارەدا، كە وەك گوتم هێزو سەنگی یەكێتی نیشتمانی تێیدا لەهەموو هێزەكانی دیكە زیاترەو هەر زیانێك كە بەم شارە بگات، لەپێشەوە بەر یەكێتییەكان ئەكەوێ، بۆیە ئامادەیی سەركردە باڵاكانی یەكێتی لەم ساتەدا كارێكی پێویستو لەجێیخۆدابوو.
ئەگەر بەئاگاییەوە لەڕووداوی 21ی مانگ بڕوانیین هەموومان ئەزانیین پێویستی بەو هەموو هێزە نەدەكرد، یان مژدەی ئەوە بەخەڵكی كەركوك بدەن كە هێزی زیاتر رەوانەی ئەم شارە دەكرێت، ئەم پەیامەی جبێگری سكرتێری یەكێتی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە گەیاندی سەبارەت بە نەناردنی هێز بۆ شاری كەركوك، كە ئەم شارە هێزێكی زۆری تێدایە سەرەڕای خەڵكی خۆبەخشی كەركوك كە هەمیشە گیان لەسەر دەستن، زۆر سیاسییانەو لۆژیكیی بووو پێویستە پێداگرییشی لەسەر بكرێ، چونكە رەنگە كۆی پرۆسەكە بۆئەوەبێ كە بیانووێك بەدەستەوەبدرێ تا هیچ نەبێ توركیا بیانووی دەستكەوێو بەناوی تیرۆرو پاراستنی توركمانەكان پێگە لەكەركوكیش دابنێ، وەك تەواوكەری پەیامە شۆفینییەكانی ئەم دواییەی ئەردۆغان بۆ كەركوكو موسڵو حەلەب دای، كە بە شاری توركییان ئەزانێ. ئەمە هەمان وەهمی سەدام حوسێنمان بیرەخاتەوە لەسەر كوێت، كە لەسەردەمو زەمەنێكی دیكە خۆی دووبارەدەكاتەوە، ئەوەی دیارە چارەنووسی سەدام حوسێنە بەڵام نازانرێ چارەنووسی ئەردۆغان هەمان چارەنووس دەبێ یان بەپێچەوانەوە خەونی سەد ساڵەی دێنێتەدی.
الاثنين، 23 أكتوبر 2023
فڕۆكەی وەهمی و پلانی بی تورکیا
السبت، 21 أكتوبر 2023
گەشتەکەی باڵداسار
ڕۆمانی گەشتەکەی باڵداسار لە سێ گۆشەی (فەلسەفە، ئایین، ژن)دا. زۆر بە کورتی...
کە ئەڵێین فەلسەفە، گەڕانێک دەبینین بەدوای وەڵامی پرسیارێکی جەوهەری، کە لەوەتەی مرۆڤ هۆشی بەبەرداکراوە و باش دیقەتی دەوروبەری خۆی داوە ئەو پرسیارەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، پرسیاری کۆتایی هاتنی ژیان، یان ڕۆژی پەسڵانێ، هەرچەندە ئەو پرسیارە لەلایەن ئایینەوە وەڵامی دراوەتەوە، بەڵام وەڵامەکەی لەڕێی ئاماژەکانەوەیە نەوەک ژمارە بە دیاریکردنی ڕۆژ و مانگ و ساڵ! کەواتە ئەوەش وەڵامێکی لاستیکییەو و دەکەوێتە دەرەوەی هۆشیاری مرۆڤەوە.
بەدەر لەوەش هەمیشە بەدەرکەوتنی هەندێک نیشانە لەو نیشانانەی باسیان لەبارەوە کراوە، لە هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکەدا، هەندێکجار و لە هەندێک سەردەم کەسانێک بەدیار دەکەون، کە خۆیان بە مەهدی چاوەڕوانکراو، یان مەسیحی جەجاڵ دەناسێنن و بۆ ماوەیەک تا سەردەمەکە بەسەردەچێ خەڵکی بەخۆوە سەرقاڵ دەکەن.
ئەم ڕۆمانە ڕێک دەمانخاتە ناو ئەو ئەندێشەیەوە، لەبەرئەوەی ساڵەکەیشی دیاریکردووە و پێبەپێی نزیکبوونەوە لەم بەروارە ڕووداوەکان دەچنە پێش.
ئەمین مەعلوف،نووسەری ئەم ڕۆمانە دیسان (کتێب )دەکاتە چەقی گفتوگۆ، وەک چۆن لە ڕۆمانی سەمەرقەند کەشکۆڵی خەیامی کردۆتە ئامرازێکی نادیار و وای لێکردووین، تا ژیانمان ماوە عەوداڵی دۆزینەوەی بین! ئەو کەشکۆڵەی لەگەڵ کەشتی تایتانیک ونی دەکات و وامان لێدەکات، ئەوەندەی خەم بۆ ونبوونی ئەو کەشکۆڵە بخۆین، ئەوەند لە خەمی غەرقبوونی کەشتیی تایتانیکدا نەبین.
لێرەش لەم ڕۆمانەدا کتێبێکمان بە گوێدا دەدات، لەبارەی سەدەمین ناوی یەزدان، دوای ئەوەی نۆهەدو نۆ ناوی لە کتێبی پیرۆزدا بەیان دەکرێن، گومانی هەبوونی سەدەمیین ناومان بەڕوودا دەکاتەوە. ئەو دەڵێ: ئەمە کتێبێکە لەلایەن ئەبوماهیری مازەندەرانی نووسراوە و لەڕێی پیاوێکی پیری شەپڕێوەوە بەناوی ئیدریس دەکەوێتە دەست پاڵەوانی ڕۆمانەکە( باڵداسار). باڵداسار کە کاری بازرگانی دەکات و دوکانی ئەنتیکی هەیە، ئەو کتێبەش وەک زۆربەی کاڵاکانی دی لەدەست دەدات، بەڵام دواجار لە بەهاو نرخی ئەم کتێبە بە ئاگا دێت و جارێکی دی عەوداڵی دۆزینەوەی دەبێت و گەشتێکی درێژ بۆ دۆزینەوەی دەکات، چەندین شارو مەڵبەند و تەنانەت کیشوەر دەبڕێ، هەر لە شارەکەی خۆی کە جبیلە، بەرەو ئەنادۆڵ و کۆستانتینە و حەلەب و سمیرنا و ژەنەوا دەڕوات تا سەرەنجام لە شاری لەندەن لەژێر باری مەرجێک بەم کتێبە ئاشت دەبێتەوە، کە ئەو کەسەی دەستیکەوتووە هیچی لەبارەی ناوەرۆکەکەدا بۆ ڕوون نابێتەوە لەبەرئەوەی بە زمانی عارەبی نووسراوە، ئەو مەرجەی بۆ دادەنێ کە وەریگێڕیتەوە سەر زمانی ئەو، تا دواجار کتێبەکە حەڵاڵ بکات و لەگەڵ خۆیدا بیبات. ئەویش بەم مەرجە ڕازی دەبێت و دواجار کتێبەکەی دەست دەکەوێت، بەڵام کە بەدەستی دەگات، ئەوەمان پێدەڵێت لە ئەفسانەیەک بترازێ زیاتر نییە. وەلێ باڵداسار هەموو ئەو کارەساتانەی لەم ماوەیەدا ڕوودەدەن بەو کتێبەیان گرێدەداتەوە، لە مردنی لەناکاوی ئیدریسی پیر، کە خاوەنی کتێبەکە بووە و لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی ئەم کتێبە پێشکەش بە باڵداسار دەکات، تا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعون و سووتانی شاری لەندەن، هەمووی بە پەرجووێک دەبینێ، کە ئەم کتێبە هەڵیگرتووە.
ئەوەی باسمانکرد، دەچنە خانەی باوەڕ و پەرجوو و خورافە، کە کۆمەڵی پیاوی ئایینی هەمیشە لە پشتیانەوە بە کارامەییەوە وەستاون.
ئەوەی پەیوەندی بە ژنیشەوە هەیە، عەشق ڕایەڵەکانی ڕێک ئەخات، جا ئەو عەشقە، خۆشەویستیێکی کۆن بێ و لە سەردەمێکی دی نوێ ببێتەوە یان ڕێکەوت دروستی بکات. نامەوێ بچمە ناو وردەکارییەکانی ئەم چیرۆکانە، چونکە نووسینەوە و خوێندنەوەی نزیکەی شەش سەد لاپەڕە لە هێزی چەند پەرەگرافێک دانیین، ئەمەوێ خۆت بچیتەوە سەریان و وەک من سەرسامیی ئەو تەکنیک و شارەزاییەی نووسەر بیت، لەو هەموو گەمەیەی بە ڕووداوەکانی دەکات.
لە کۆتاییدا ئەمەوێ دەست خۆشانە لە هاوڕێی ئازیزم کاک لوقمان باپیر بکەم، کە جوان ئەم ڕۆمانەی کورداندووە.
ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو
ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو
نووسینەوەی بیرەوەری ئەگەر هەر پیاهەڵدانی نووسەربێ بەخۆی و خۆی لەو دۆزەی بۆی تێکۆشاوە بە گەورەتر بزانێ و پێی وابێ ئەگەر ئەو نەبوایە نە شۆڕش دەبوو، نە جولانەوەیەک سەری هەڵدەدا، ئەوا لەخۆتەوە وەک خوێنەرێک زوو لێی بێزار دەبی و ناتەوێ لە خوێندنەوەیدا بگەیتە لاپەڕەکانی کۆتایی و دەستی لێ هەڵدەگریت.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو خەریکی خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی شەهید ساکینە جانسز (سارا) بووم، لەژێر ناوی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو)، بەڵام ڕێک پێچەوانەی ئەم میتۆدەی سەرەوە، سەرەڕای ئەو هەموو فیداکارییانەی ئەم ژنە خەباتکارە لە مەیدانی ژیاندا نواندوویەتی، ئەو لاپەڕانەی بۆ ڕەخنە لەخۆگرتنی تۆمارکردوون دەقاتی ئەو لاپەڕانەن کە ستایشێک یان خۆهەڵنانێکی پێوە دیاربێ، بۆیە دوای خوێندنەوەی (٢٢٠٠ ) دووهەزار و دووسەد لاپەڕە نەک هەر لێی بێزارنەبووم، بەڵکو هێشتا دەمویست درێژەیان پێبدات و پەندی فیداکاریی و قوربانییدانی لێوە فێرببم.
ئەم بەرهەمەی نووسیویەتی لەسەر داوای سەرۆکەکەی خۆی بووە، بۆئەوەی فیداکارییەکانی بەرچاوی جیهان بکەون و سەرنجی بدەن و سوود لەم ئەزموونە ببینن.
وا دەبینین ئەم بەرهەمەی بۆ زمانەکانی کوردی، تورکی، ئەڵمانی ، ئینگلیزی، ڕووسی لەبەردەستدان، ڕەنگە بۆ زمانە زیندووەکانی دیکەی دونیاش بڵاوبکرێتەوە.
ئەم کتێبە دابەشی سەر سێ بەرگ کراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە کە لەبەرگی دواوە کورتەیەکی نووسراوە و وەک خۆی دەینووسمەوە.
بەرگی یەکەم: ٨٥٢ لاپەڕەیە، پوختەی ناوەرۆکەکەی لەبەرگی دواوە ئاوا کورتکراوەتەوە:
لەم بەرگەدا، بەدوای شەڕ و تێکۆشانی لێگەڕین ( بەدواداگەڕان)ەکانم ڕاکەڕاکم کرد. خێزان، سیستەم، دەوروبەر، کۆن و هەر شتێک کە بە چەوتم زانی بێت، ڕووبەڕووی خۆمم کردەوە و ڕۆیشتم، بە تایبەتیش بەبێ ئەوەی گوێ بدەم بەوەی بەرەو کوێ و بەچی دەچم. هاوکات بەتەیاربوونێکی شیاو بە گەورەیی و بەرفراوانی ئەم ڕۆیشتنە و نە لە پێگەیەکیشدا بووم، کە بە شێوەیەکی بەهێز جەنگاوەرییەکەی بەڕێوە ببات، وەک جەنگاوەرێکی نەبڕاوە، بێ ئۆقرە، نەشارەزا، پەلەپروز، سۆزدار و سەرهەڵدێرم. بەر هەموو شتێک دەکەوم!
ڕێ ڕۆیشتنێکی بێباکانە، بەڵام ڕاوەستانم بۆ نییە.
بەرگی دووەم: ٩٤٨ لاپەڕەیە، ئەم پەرتووکە تایبەتە بە قۆناغی زیندان، کە یازدە ساڵ لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زیندانی بوو.
پوختەی ناوەرۆکەکەی لەبەرگی دواوە ئاوا کورتکراوەتەوە:
لەم بەرگەدا، بە جەنگاوەرییەکی ڕاشکاو و قەبا لە بەرامبەر بە دووژمن، من بە سەرهەڵدێری و یاخیبوونەوە درێژە بە شەڕەکەم دەدەم، بۆئەوەی ڕادەستی دوژمن نەبم، چاونەترسانە دەجەنگم، بەڵام نەک بە هزر و ڕێکخراوەییەکی تەواو، کە بزانێت بەپێی چی، کەی و بە کام ئامرازانە شەڕەکە دەکەیت.
لەم جەنگاوەرییەدا هەلومەرج و ساتەوەختی ڕێکخراوەبوون لەگەڵ ئەو شوێنانەی هێزیان تیا خەرج دەکرێت بەباشی هەڵنابژێردرێت. جەنگاوەرییەک، بەڵام وەکو ڕاستینەیەکی کراوە بۆ هەموو جۆرە گورزێک.
بەرگی سێیەم: ٤٠٠ لاپەڕەیە، قۆناغی دوای زیندان، ئەکادیمیا، بەرەکانی شەڕ، ئەوروپا.
پوختەی ناوەرۆکەکەی لەبەرگی دواوە ئاوا کورتکراوەتەوە:
لەم بەرگەدا، باس لەوە دەکەم، کە شێوازی جەنگانم، ڕووبەڕووی هۆکار و بنەماکانی هەبوونی خۆمی کردوومەتەوە، لەگەڵ هەموو کەسێکدا لە دۆخی جەنگدام، بەتەواوی دۆخێکی سەرهەڵدانە! بەهەر یەکێک لەو گوتە و ڕەفتارانەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ بەبێ لاکردنەوە لە ڕاستی هەنووکەیی، بەو پەرچەکردارەی بەدەستم هێنابوو و بەو پێوانانەی کە بە گوێرەی خۆم نیشانم دەدان هەم هەڤاڵانم و هەم خۆشم تووشی زەحمەتی دەکردەوە.
ئەم بەرهەمە ئارام پێنجوێنی لە تورکییەوە کردوویەتی بە کوردی.
ڕۆژاوا ... ڕۆژئاڤا
ڕۆژئاوا ... ڕۆژاڤا
۱
هەرچی فڕۆکەی پێشکەوتووە، بۆمب و چەکی نوێ هەیە لەوێ بەرهەم دێ.
تا شارەکان ئارام بنوون،
تا شەڕەکان، کۆڵان بە کۆڵان ڕاویان نەنێت.
تا کچ و کوڕەکانیان بە ئاسوودەیی لە شەقامەکاندا سەما بکەن.
لەسەر زارمان ناوی چەند خۆشدێ کە دەڵێین وڵاتانی ڕۆژئاوا.
۲
هەرچی فڕۆکەی پێشکەوتووە، بۆمب و چەکی نوێ هەیە لێرە تاقی دەکرێتەوە.
تا شارەکان لە ڕاڕاییدابن.
تا شەڕەکان کۆڵان بە کۆڵان بە دوایانەوەبێ،
تا کوڕ و کچەکانیان نەتوانن بە ئاسوودەیی باسی دواڕۆژیان بکەن.
لەسەر زارمان چەند شیرینە کە دەڵێین ڕۆژاڤا.
٢٠٢٣/١٠/١٢
هەولێر