الثلاثاء، 10 أبريل 2018

تویتی ئەمجارەی ترامپ، سامناكرینیانە






حەسەن هەندرێنی
 تویتی 8ی ئەپریلی ئەمساڵی ترامپ، سامناكرترین‌و دوورنیە كاریگەرترین تویتێك بێ لەوەتەی فرێیان دەدا. لەم تویتەدا "ترامپ ئاماژە بە كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە ژن‌و مناڵ دەكات بەچەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ملهوڕی ئەسەد، هەروەها نووسیوویەتی ناوچەكە داتەپیوە لەبن باری ئابلۆقەی ئابوری‌و گەمارۆدراوە بە سوپای سوریا‌و دەرچوون بۆ جیهانی دەرەوە بۆتە كارێكی مەحاڵ. سەرۆك پۆتن‌و روسیا‌و ئێران بەرپرسیارن لە هاندان‌و پاڵپشتییكردنی بەشار ئەسەدی ئاژەڵ..." https://twitter.com/arabictrump_45?lang=ar
 كە ئەڵێین سامناكترین تویتیانە، لەوەوەیە كە سێ ئاماژەی ترسناكی تێدان، ئەوانیش: یەكەم: بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەد‌و كوژرانی ژن ‌و مناڵ، كە ئەمە دەرچوونە لەجاڕنامەكانی مافی مرۆڤ‌و وەك جینۆساید پێناسە دەكرێ. دووەم: ناوهێنانی  دوو وڵات (روسیا- ئێران) كە كاریگەرییان زۆرە لەسەر رەوشی سوریا‌و وەك تاوانبار‌و داكۆكیكار لەئەسەدی جانەوەر ناویان دێ. سێیەم: بەڕقەوە ناوهێنانی ئەسەد بە ئاژەڵ، كە ناوی ئەسەد بۆخۆی هێمایەكە بۆ ئاژەڵێكی دڕندە لەزمانی عەرەبیدا.  
 ئەم هەڵچوونە درەنگ وەختەی ترامپ، كاریگەریێكی گەورەی لەسەر رووداوەكانی داهاتووی ناوچەكە دەبێ. كە لەماوەیەكی كورتدا دەرەنجامەكانی دەبینین. بەڵام بۆ پرسی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە لەهەڵوێستی ترامپ چەند پرسیارێك هەن: ئایا ئەمەی ترامپ دەیكات‌و دەیڵێ، بیانووە ئەمریكا بەسوریای دەگرێ؟ یان بەدیوەكەی دی ئایا رژێمی سوریا یەكەمجارییەتی كە ئەم چەكە قەدەغەیە بەكاردێنێ؟ پێشتر‌و لەشوێنی دیكە بەكارینەهێناوە؟  ئایا ئەمە یەكەم لەحزەیە لەكوشتنی ژن‌و زارۆك بەدەستی ئەسەد؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە ئەمڕۆ بوونەتە سەردێڕ‌و خەڵكیان سەرقاڵكردووە. 
 من لەبابەتێكی دیكەی پەیوەست بە رەوشی سوریا(پانۆڕامایەكی خێرا بۆ رووداوەكانی سوریا) ئاماژەم بە گۆڕان لەهەڵوێستەكانی ئەمریكا كردبوو، دوای ئەو نیگەرانییە قوڵانەی لای كوردانی رۆژاوا دروستبوون لەسەر داگیركردنی عەفرین، هەرچەندە لەوبابەتدا ئەو گۆڕانانەی لە سروشتی دیبلۆماسی ‌و سیاسی ‌و هاوكاری سەربازیی ئەمریكا روویاندا، پەیوەستم كردوون بە كوردەوە، بەڵام گۆڕانی ستراكتۆری لەهەڵوێستی ترامپ دوای ئەوە دێ كە بەرەی سێ قۆڵی (روسیا- ئێران- توركیا) بەبەرچاوی ئەمریكا ‌و وڵاتانی ئەوروپاوە وەك تەحەدایەك لەئەنقەرەپێكدێ.
 ئەمریكا ئەبینێ رۆژ بەڕۆژ گۆڕانكارییەكانی سوریا خێراتردەبن، بەتایبەت كە رژێمی ئەسەد دەستی خۆی بە واڵاكراوی دەبینێ بەسەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆن‌و خەڵكی سیڤیلدا‌و ئازادیێكی نیمچە رەهای پێدەدرێ لەلایەن روسیا‌و ئێرانەوە، كە تا ئەتوانێ لەبەدەستهێنانەوەی خاكدا درێخی نەكات‌و سوود لە دەرفەتەكان ببینێ. بینیمان روسیا چ مانۆڕێكی بۆكرد تا غۆتەی رۆژهەڵات بەدەستبێنێتەوە‌و لەم نێوانەدا عەفرین كرایە قوربانیی‌و پێدەچێ ئەردۆغانیش بەدەستبەتاڵی لە گەمەكە بێتەدەرێ، بەتایبەت دوای لێدوانەكانی بەشار جەعفەری لەنەتەوە یەكگرتووەكان بە چوونەدەرەوەی توركیا لەخاكی سوریا!!‌و جەختكردنەوەی لاڤرۆڤ لەهەمان پرس.  
گومانی تێدا نیە لەجەنگێكی حەوت ساڵەی وێرانكەردا، جۆرەها چەك بەكارهاتوون بەچەكی كیمیایشەوە بەتایبەت لەلایەن ئەوانەوە كە بەئاسانی دەستیان پێڕادەگا‌و جورئەت ئەكەن بەكاریبێنن، بەتایبەت رژێمی ئەسەد، كە چەند جارێك ئاماژەی بۆكراوە، بەڵام ئەوسا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوپۆشیان لێكرد، یان راستتر بڵێین ئەمریكا لەدۆخێكی وادانەبوو یان هیچ نەبێ لەسەر زاری وتەبێژەكەیان ئەوەیان رادەگەیاند كە زانیاریی تەواویان نیە لەسەر بەكارهێنانی ئەم چەكە، بەڵام ئێستا ‌و لەدوای هاتنی جۆن بۆلتۆن وەك (بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا) زوومەكە روونترە‌و وێنەكان وەك خۆی بەگەورەكراوی دەبینێ... دەبینێ كە ئەسەد دەست لەهیچ شتێك ناپارێزێ. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا بێتە دەنگ، وەك چۆن ئەمە روویداو تویتەكانی ئەمجارەی ترامپ هەژێنەرتر‌و كاریگەرتر‌و سامناكرتربوون لەهەر جارێكی پێشوو.  
 ئەم تویتانەی سەرۆكی ئەمریكا هەر تەنها بۆ سوریا نیە بەڵكو بەشێكی پەیامەكەیشی بۆ توركیایە، كە چۆن لەم پەت بۆ ئەو پەت بازبازێن دەكات. كەئەڵێ روسیا و ئێران باجی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەدەن، خۆ ناكرێ توركیای داكۆكیكار لە گروپە تیرۆریستەكان لەدەرەوەی ئەم هاوكێشەیە سێ قۆڵییە سەیربكرێ. بەڵام ئەمریكا چی بۆ توركیا ئامادەكردووە، ئەمەیان لەڕۆژانی داهاتوو بەدیاردەكەوێ، بەتایبەت ئەگەر پاشەكشێ لەهەڵوێستەكانی ئەردۆغان نەبینین.  

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق