الجمعة، 13 أبريل 2018

هەڵمەت بۆ سەر سوێس لەمیسر‌و هەڵمەت بەناوی دۆما لەسەرسوریا (دوو رووداوی هاوشێوە لەدووزەمەنی جیاواز )





حەسەن هەندرێنی
لەڕووی بایەخی ستراتیژییەوە بۆ رۆژاوا، گۆڕان لەدۆخی ئێستای سوریا زۆر لە گۆڕانی دۆخی میسری ساڵی 1956 دەچێ. بەجیاوازی ئەوەی ئێستا ئەمریكا هەژموونی زیاترە لەوكات.
 ئەوەی مێژووی جەنگەكانی ناوچەكە بۆمان دەگێڕنەوە، جەنگی سوێس( 1956) یان جەنگی سینا یان دوژمنایەتی سێ قۆڵی ( العدوان الپلاپی) كە هەریەك لە (بەریتانیا- فەرەنسا- ئیسرائیل) هەڵیانكوتایە سەر سوێس ‌و بەدووەم جەنگی (عەرەب- ئیسرائیل ) دادەنرێ لەدوای جەنگی 1948. ئەم جەنگە بەیەكێك لەڕووداوەكانی جیهان دادەنرێ كە هاوكارییكرد لەدیارییكردنی باڵانسی دەولی دوای جەنگی جیهانی دووەم‌و زلهێزەكانی لەناوچەكە جێگیركرد. 
 ئەم سیناریۆیەی ئێستای سوریاش زۆر لە سیناریۆی كەناڵی سوێس دەچێ، كە هەمان كاراكتەر لەهەردوو بەرەدان ( بەریتانیا- فەرەنسا- ئیسرائیل دژ بە میسر لە 1956) ئێستاش ( ئەمریكا- بەریتانیا – فەرەنسا دژ بە سوریا) ئەوەی خاڵی هاوبەشیشە لەنێوانیان یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و روسیای ئێستایە، كە ئەوكات لایەنگری جەمال عەبدولناسربوو، ئێستاش لایەنگری بەشار ئەسەد دەكەن. ئەم لایەنگرییە بۆ سوریا‌و بۆ دواڕۆژی سوریا زۆر گرنگە، دواجار كێشەكە بەلایەكدا دەخات، كە ئاشتی لێبەرهەمبێ‌و ئاسایشی ئیسرائیل دابین بكات‌و بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكا‌و رۆژاوا پارێزراوتر بكات. لەسەرووی هەمووشیان باڵانسی هێز بەلای رۆژاوا جێگیربكات. 
 هەموومان دەزانین یان هیچ نەبێ ململانێی سیاسی  دەیان ساڵی رابردووی نێوان زلهێزەكان ئەوەمان پێدەڵێن، كە ئەمریكا زۆر هەستیارە بەرامبەر بە روسیا‌و هەمیشە جەنگێك لەنێوانیان بەكراوەیی ماوەتەوە، مەگەر گۆڕانێك لەسیستەمی حوكم لەروسیا روویدابێ، ئەگینا روسیاش بەهەمان پێودانگ ئەیەوێ هەژموونی خۆی لەناوچەی جێ نفوزی عەرەبەكان و ئاوە شلەتێنەكان زیادبكات، وەك ئەوەی ئێستا‌و لەسەردەمی راسانی روسیا لەسەر دەستی پۆتین دەیبینین. كە چۆن توانییویەتی یاریێكی سەركەوتووانە لەو گۆڕەپانانە بكات كە ئەمریكا لەدوای جەنگی كەنداو بەجێی هەژموونی خۆی دەزانێ، ئەمەش دوای تێكچوونی نەخشەی سیستەمی حوكمڕانی لەزۆر لەو وڵاتانەی ناوچەكە، كە هەندێكیشیان دۆستایەتیێكی درێژیان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكاش هەبوو. 
بەشێكی ئەو ئاسانكارییانە كە رووسیا زەحفی بۆ نێو جەرگەی ئەم ناوچەو وڵاتانەكرد‌و سوودی لێبینیین، دژایەتی نەتەوەكانی ناوچەكەبوو بەرامبەر ئەمریكا، چونكە ئەمریكا سڵ لەو هێزانە دەكاتەوە كە بەناوی ئایینی ئیسلامەوە بوونەتە سەرچاوەی تیرۆر ‌و بوونەتە جێی مەترسی‌و بەهەموو جیهاندا پەخشبوونەتەوە. لەم دواییانەش زۆر بەهێز دەركەوتن‌و ئەمریكاش بەهەموو شێوەیەك هەوڵی لەناوبردنیاندەدا.
  ئەكرێ بڵێین ئەم دواییەی سوریا جەنگەڵێكی چڕی هەموو ئەو هێزانەبوو كە توانیان ئەوەی مەبەستیان بوو پراكتیزەی بكەن‌و لەوێوە هەڕەشەكان بۆ كۆی وڵاتانی دونیا بنێردرێن، ئەگەر جاران بەدزی‌و لەڕێی سیدی‌و لەكەناڵی زۆر تایبەت وتارێكی ئەمیر دزەی بكردبا، سەردەمی داعش‌و بەرەی نوسرە‌و هێزەكانی دی، جیاوازتربوو، ئەوان بەناوی دەوڵەت قسەیان دەكرد، ئابووری خۆیان هەبوو‌و لەزۆر لایەنەوە پاڵپشتیی دەكران، بۆیە كاتی گۆڕانێكی ریشەیی لەم جەنگەڵەدا هاتووە ، ئەوەی وەك دەرەنجامیش بۆ وڵاتانی زلهێز روونبووەوە بەهێز نەبێ یەكلانابێتەوە، بۆیە ئەوەی ئێستا ئەمریكا خۆی بۆ ئامادە دەكات رێك ئەوەیە، نابێ سوریا وەك ئەو زۆنگاوە بمێنێتەوە كە هەموو جۆرە هێزێك‌و شێوە نیزامێك تێیدا گەشەبكات‌وحوكم بكات‌و دەستی رژێمی ئەسەدیش كراوەبێ لەبەكارهێنانی هەموو جۆرە چەكێك بەچەكی قەدەغەكراوی كیمیاییشەوە.  

الثلاثاء، 10 أبريل 2018

تویتی ئەمجارەی ترامپ، سامناكرینیانە






حەسەن هەندرێنی
 تویتی 8ی ئەپریلی ئەمساڵی ترامپ، سامناكرترین‌و دوورنیە كاریگەرترین تویتێك بێ لەوەتەی فرێیان دەدا. لەم تویتەدا "ترامپ ئاماژە بە كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە ژن‌و مناڵ دەكات بەچەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ملهوڕی ئەسەد، هەروەها نووسیوویەتی ناوچەكە داتەپیوە لەبن باری ئابلۆقەی ئابوری‌و گەمارۆدراوە بە سوپای سوریا‌و دەرچوون بۆ جیهانی دەرەوە بۆتە كارێكی مەحاڵ. سەرۆك پۆتن‌و روسیا‌و ئێران بەرپرسیارن لە هاندان‌و پاڵپشتییكردنی بەشار ئەسەدی ئاژەڵ..." https://twitter.com/arabictrump_45?lang=ar
 كە ئەڵێین سامناكترین تویتیانە، لەوەوەیە كە سێ ئاماژەی ترسناكی تێدان، ئەوانیش: یەكەم: بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەد‌و كوژرانی ژن ‌و مناڵ، كە ئەمە دەرچوونە لەجاڕنامەكانی مافی مرۆڤ‌و وەك جینۆساید پێناسە دەكرێ. دووەم: ناوهێنانی  دوو وڵات (روسیا- ئێران) كە كاریگەرییان زۆرە لەسەر رەوشی سوریا‌و وەك تاوانبار‌و داكۆكیكار لەئەسەدی جانەوەر ناویان دێ. سێیەم: بەڕقەوە ناوهێنانی ئەسەد بە ئاژەڵ، كە ناوی ئەسەد بۆخۆی هێمایەكە بۆ ئاژەڵێكی دڕندە لەزمانی عەرەبیدا.  
 ئەم هەڵچوونە درەنگ وەختەی ترامپ، كاریگەریێكی گەورەی لەسەر رووداوەكانی داهاتووی ناوچەكە دەبێ. كە لەماوەیەكی كورتدا دەرەنجامەكانی دەبینین. بەڵام بۆ پرسی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانە لەهەڵوێستی ترامپ چەند پرسیارێك هەن: ئایا ئەمەی ترامپ دەیكات‌و دەیڵێ، بیانووە ئەمریكا بەسوریای دەگرێ؟ یان بەدیوەكەی دی ئایا رژێمی سوریا یەكەمجارییەتی كە ئەم چەكە قەدەغەیە بەكاردێنێ؟ پێشتر‌و لەشوێنی دیكە بەكارینەهێناوە؟  ئایا ئەمە یەكەم لەحزەیە لەكوشتنی ژن‌و زارۆك بەدەستی ئەسەد؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە ئەمڕۆ بوونەتە سەردێڕ‌و خەڵكیان سەرقاڵكردووە. 
 من لەبابەتێكی دیكەی پەیوەست بە رەوشی سوریا(پانۆڕامایەكی خێرا بۆ رووداوەكانی سوریا) ئاماژەم بە گۆڕان لەهەڵوێستەكانی ئەمریكا كردبوو، دوای ئەو نیگەرانییە قوڵانەی لای كوردانی رۆژاوا دروستبوون لەسەر داگیركردنی عەفرین، هەرچەندە لەوبابەتدا ئەو گۆڕانانەی لە سروشتی دیبلۆماسی ‌و سیاسی ‌و هاوكاری سەربازیی ئەمریكا روویاندا، پەیوەستم كردوون بە كوردەوە، بەڵام گۆڕانی ستراكتۆری لەهەڵوێستی ترامپ دوای ئەوە دێ كە بەرەی سێ قۆڵی (روسیا- ئێران- توركیا) بەبەرچاوی ئەمریكا ‌و وڵاتانی ئەوروپاوە وەك تەحەدایەك لەئەنقەرەپێكدێ.
 ئەمریكا ئەبینێ رۆژ بەڕۆژ گۆڕانكارییەكانی سوریا خێراتردەبن، بەتایبەت كە رژێمی ئەسەد دەستی خۆی بە واڵاكراوی دەبینێ بەسەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆن‌و خەڵكی سیڤیلدا‌و ئازادیێكی نیمچە رەهای پێدەدرێ لەلایەن روسیا‌و ئێرانەوە، كە تا ئەتوانێ لەبەدەستهێنانەوەی خاكدا درێخی نەكات‌و سوود لە دەرفەتەكان ببینێ. بینیمان روسیا چ مانۆڕێكی بۆكرد تا غۆتەی رۆژهەڵات بەدەستبێنێتەوە‌و لەم نێوانەدا عەفرین كرایە قوربانیی‌و پێدەچێ ئەردۆغانیش بەدەستبەتاڵی لە گەمەكە بێتەدەرێ، بەتایبەت دوای لێدوانەكانی بەشار جەعفەری لەنەتەوە یەكگرتووەكان بە چوونەدەرەوەی توركیا لەخاكی سوریا!!‌و جەختكردنەوەی لاڤرۆڤ لەهەمان پرس.  
گومانی تێدا نیە لەجەنگێكی حەوت ساڵەی وێرانكەردا، جۆرەها چەك بەكارهاتوون بەچەكی كیمیایشەوە بەتایبەت لەلایەن ئەوانەوە كە بەئاسانی دەستیان پێڕادەگا‌و جورئەت ئەكەن بەكاریبێنن، بەتایبەت رژێمی ئەسەد، كە چەند جارێك ئاماژەی بۆكراوە، بەڵام ئەوسا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوپۆشیان لێكرد، یان راستتر بڵێین ئەمریكا لەدۆخێكی وادانەبوو یان هیچ نەبێ لەسەر زاری وتەبێژەكەیان ئەوەیان رادەگەیاند كە زانیاریی تەواویان نیە لەسەر بەكارهێنانی ئەم چەكە، بەڵام ئێستا ‌و لەدوای هاتنی جۆن بۆلتۆن وەك (بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا) زوومەكە روونترە‌و وێنەكان وەك خۆی بەگەورەكراوی دەبینێ... دەبینێ كە ئەسەد دەست لەهیچ شتێك ناپارێزێ. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا بێتە دەنگ، وەك چۆن ئەمە روویداو تویتەكانی ئەمجارەی ترامپ هەژێنەرتر‌و كاریگەرتر‌و سامناكرتربوون لەهەر جارێكی پێشوو.  
 ئەم تویتانەی سەرۆكی ئەمریكا هەر تەنها بۆ سوریا نیە بەڵكو بەشێكی پەیامەكەیشی بۆ توركیایە، كە چۆن لەم پەت بۆ ئەو پەت بازبازێن دەكات. كەئەڵێ روسیا و ئێران باجی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەدەن، خۆ ناكرێ توركیای داكۆكیكار لە گروپە تیرۆریستەكان لەدەرەوەی ئەم هاوكێشەیە سێ قۆڵییە سەیربكرێ. بەڵام ئەمریكا چی بۆ توركیا ئامادەكردووە، ئەمەیان لەڕۆژانی داهاتوو بەدیاردەكەوێ، بەتایبەت ئەگەر پاشەكشێ لەهەڵوێستەكانی ئەردۆغان نەبینین.