![]() |
حەسەن مستەفا |
لەوەتەی مرۆڤ هەیە هەڵوەدای ئازادییە، ئازادی بەومانایەی كە لە بیركردنەوە و گوفتارو رەفتاردا بەدەستی بێنێ، نەوەك لەمانەدا كۆتكرابێ. ئەگەر ژیان پەیامێكی بۆ ئازادی بیركردنەوە پێنەبێ ئەوا بوونی كەسەكە دەكەوێتە ژێر هەڕەشەو پرسیاری لەناوچوون، بێهۆنییە رێنییە دیكارت لە كۆجیتۆبەناوبانگەكەیدا دەڵێ: من بیردەكەمەوە كەواتە من هەم، ئەو دەیەوێ لەڕێی بیركردنەوەوە بوونی خۆی بسەلمێنێ...سەلماندنی بوون لەڕێی بیركردنەوەوە ئازادیێكی ناوەكی رەهایە، كە لە ئازادییەكانی دیكە بەرقەرارترە. مرۆڤو بیركردنەوە تەواوكەری یەكترین، ئەمەش لەو راستییە هەربووە( حتمیە) سەرچاوەی گرتووە، كە مرۆڤ بوونەروەرێكی بیركەرەوەیە، مرۆڤ بە بیركردنەوە لە بوونەوەرەكانی دیكە جیادەكرێتەوە. بیركردنەوە لە "ئازادی" ساغلەمترین بیركردنەوەیە..پڕ بەرهەمترینیشیان بووە، تائێستا هەرچی ئەوانەی بۆ ئەوانی دی خۆیان خستۆتە خزمەتی بیركردنەوە، دواجار ویستویانە ئەو رێچكەو رێبازە دیاریبكەن كە مرۆڤەكان ئاسوودەو ئازاددەكەن...لەكۆیلایەتیی و بەندێتی هۆشیاریان بكەنەوە.
هاتنە مەیدانی ركابەری لەگەڵ كۆیلایەتی هێزو گوڕوتین و بیركردنەوەو گوفتارو رەفتاری تەندروستی گەرەكە، مرۆڤێك ناتوانێ لەكۆیلایەتی راكات ئەگەر لەڕووی بیركردنەوەوە بڕیاری ئازادانەو رێوشوێنی ئازادانەی نەبێت. كۆیلایەتی لەڕووی جۆرەوە تەواو گۆڕانی بەسەرداهاتووە، بەڵام لەڕووی ناوەرۆكەوە پارێزگاری لەهەمان ئەو ناوەرۆكە كۆنەی خۆی دەكات، كە سپارتاكۆس و ئەوانی دی لەدژییدا راپەڕین. جاران كە خاوەن سەرمایەیەك یان مرۆڤێكی ئازاد خۆی بە خاوەنی كۆیلەدەزانی، ئەمڕۆ دەیان دەزگاو دامەزراوە و حزب هەن كە مرۆڤ كۆیلەدەكەن.. دەیان بیركردنەوەی پڕ لەڕیسك هەن كە مرۆڤ بەكۆیلە دەگرن...بێگومان مرۆڤە لاوازەكان دەكەونە ئەم داوانەوە، ئەوانەی راستو چەپی خۆیان نازانن، ئەوانەی هەر ئەوەندە لەمانای ژیان گەیشتوون كە ژیان سێ ( خائەكەیە) خواردن و خواردنەوە و خەوتن...ئەو كەسانەی ئازادی لەمانەوە دەبینن، مەودای بیركردنەوەیان كورتە...تەسكە، گوفتاریان چەوتو پڕ لە هەڵەیە، رەفتارییان ناجورو هەڕەشەئامێزە بۆ دەوروبەر، بۆیە ئەوانە دەرك بەئازادی ناكەن، ئەوان كۆیلەی خائەكانن و بەدوای حەزێكی كاتییەوەن...ئەوان ناتوانن لەماناكانی ژانو ئازار تێبگەن. ئەتوانین بڵێین ئەوان خەریكی بیرنەكردنەوەن، ئەگەر بیركردنەوە وەزیفەیەك بێت مرۆڤەكان پێی راببن، ئەوا لەبەرامبەردا بیرنەكردنەوە سەرفنەكردنی وزەیە...وزە بۆ تێگەیشتن لەوەی لەدەوروبەردا چ دەگوزەرێ، وزە بۆ توانای سەرفكردنی سوتەمەنی بیر، ئەو سوتەمەنییەی هەموو كەسێكی ساغ هەیەتیو دەتوانێ لەپێناو رۆشنكرنەوە بەكاری بێنێ، چونكە ژیان لەرۆشناییدا ماناكانی درەوشاوەترن.
چەمكێكی دیكە كە هەمیشە دەیەوێ لەگەڵ چەمكی ئازادی شانبەشان بڕواتو ئۆكسجینی لێوەربگرێت، چەمكی دیموكراسییە. ئەمانە دووڕووی دراوێكنو یەكترتەواودەكەن. هیچ كامێك ناتوانێ بێ ئەوەی دیكە هەڵكات. ئێستا كەباو باوی دیموكراسییە،هەرچی هێزی دنیا هەیە لەراستڕەوەكانەوە تا ئەوپەڕی چەپەكان ناتوانن دیموكراسی نادیدەبگرنو وەك چەمكێك بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانی لێینەڕوانن. لەبەرامبەر ئەوەشدا هۆشیاریێكی زۆر بەرامبەر ئازادی لەئارادایە، كە بێشك ئەم ئازادی بیركردنەوەیەو هۆشیاری مامەڵەكردنە كۆمەڵگا بەرەوپێشدەبەن لەلایەكو دامەزراوەی سیاسیو ئابوریو یاسایش پێشدەخەن. مۆنتسكیۆ لە رستەیەكی پڕمانادا دەڵێ: "لەدەوڵەتێكدا كەلەسەر بنەمای ئازادی دامەزرابێت، هەر هێزێك رێگە لە رەهابوونی هێزەكەی تر دەگرێت"، ئەمە دەلالەتێكی روونە كەوا هیچ هێزێك ناتوانێ لەنێو چوارچێوەی دەوڵەتێكدا،كە ئازادیو دیموكراسی بەبنەمادەگرێت هێزەكەی دیكە كۆنترۆڵ بكات،مەگەر دیموكراسی بۆ مەرامی سیاسی تەنها لەوەرگرتنی رەزامەندی هاوڵاتیان كورتبكرێتەوە،كە لەم بارەدا گرفتێكی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێ و رەنگبێ دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت ئەوانەی لەڕێی شۆڕشی چەكدارییەوە بەدەسەڵات گەیشتوون یان بە ئینقیلابی عەسكەر ییەوە گەیشتوونەتە دەسەڵات و لەماوەی مانەوەیان لەدەسەڵاتدا سامانێكی زۆریان بەسەریەكەوەناوە تا بتوانن درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن و دەنگی خەڵك بۆخۆیان مسۆگەربكەن و تەمەنێكی درێژ لەدەسەڵات بەڕێبكەنو بواری دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەوانی دیكە نەدەنو رۆژ بەڕۆژ گەندەڵی كەڵەكەبكات و هەژاری بكەوێتە ژێر هێڵی نائاسایی، وەك ئەوەی لەرابردوودا لەزۆر وڵاتو سیستەمی حوكمڕانێتیدا بینیمانو دواجار لەڕێی شۆڕشی جەماوەرییەوە یان شكستی ئابوری _سیاسییەوە كۆتاییان پێهات. ئەمە بۆ ئێستاو ئایندەش رەوایەتی هەیە، ئەگەر ئەم رێچكەیە بەوشێوەیەی روونكرایەوە بەردەوامی هەبێت. كەواتە لەڕێڕەو لادانی دیموكراسیی لەلایەكو فرۆشتنەوەی ئازادی بەوانی دی پرسێكی خەتەرناكەو مێژووش هەمیشە لەرەحمدانی خۆی ئەو تۆمارانە هەڵدەگرێ كە سكێچی ئازادیی دەكەنو چوارچێوەیەكیش بۆخۆیان هەڵدەبژێرن، كە بەشۆڕش ناوزەددەكرێت. كەواتە شۆڕشەكان بۆ بەدەستهێنانی ئازادین، بۆ بەرقەراربوونی سیستەمێكی حوكمڕانیی عادیلانەن، بەڵام كە ئازادی لەدەستی ئازادیخوازان رادەپسكێنرێتو دەبێتە كایەی بەرژەوەندیخوازنو حازرخۆرانی بەرسێبەر، ئەوا دیسان لەهەناوی خۆیدا چاوەڕوانی جاڕدانێكی دیكە دەكرێت، چونكە لەماوەی رابردوودا ئەوەی تێبینیمانكرد بەو دەرەنجامە ترسناكە گەیشتینو ئەو پرۆسانەمان بینیون، كە شۆڕش لە هەندێك هەرێمدا لەناوبازنەیەكدا دەخولێتەوە، بەو مانایەی ئەوانەی دوێنێ ئازادیخوازبوون ئیمڕۆ دەبێت بەكوتەك لەدەستی ئازادیخوازە نوێیەكان دەستبەرداری دەسەڵاتەكانیان ببنو تا ئەم دۆخەش واتا دۆخی دوای شۆڕشیش تادەگاتە قۆناغێكی دامەزراو رەنگبێ چەندین گۆڕانكاری دی بەخۆیەوە ببینێ.
یەكێكی دیكە لەو ئارێشانەی بەهەمیشەیی رووبەڕووی ئازادی دەبێتەوەو بەداخەوە وەك مۆدێلێكیشی لێهاتووە فێڵكردنە لەئازادی...ئەمەش لەڕێی دروستكردنی گروپو رێكخراوی ساختەوەدەبێت، كە ئەركیان پیاهەڵدانە بەشانوباڵی ئەو ناوەندەی دروستیان دەكەنو پاڵپشتیان دەكەن.ئەمە ئەگەر بەدیوێك قازانج بێت لەڕووی چەندایەتییەوە،ئەوا بەدیوەكەی دیكە ئەم رێكخراوانە دەبنەكۆسپو تەگەرەی گەورە لەبەردەم ئازادی،چونكە ئەوەندەی دەیانەوێ خەڵكی هەڵخلیسكێنن نایانەوێ كۆشش بۆ ئازادی بكەن،نایانەوێ دەریچەی هۆشیاری بكەنەوە و ئەوان دەیانەوێ هەمیشە مكیاژی ئەوناوەندانە بكەن،هەمووناشیرینی و پۆخەڵییەكانیان بشێرنەوەو ئەوەی دەشیكەن زۆر رووكەش و ماوە كورتە بۆیە هەر زوو ماسكەكان دەكەون و رووی راستەقینە بەدیاردەكەوێت .بێهۆنەبوو "خانم رۆڵان ژنە شۆڕشگێڕی فەرەنسا ئەو كاتەی دەیانبرد بەرەو پەتی سێدارە رووی لەپەیكەری ئازادی كرد و گوتی: ئەی ئازادی چ تاوانگەلێك بەناوی تۆوە دەكرێت".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق