الأربعاء، 26 نوفمبر 2014

ماڵئاواییكردن لەجەنگ

چیرۆك
حەسەن مستەفا

  دەمەو ئێوارەیەكی پایزبوو، گوللەیەكی وێڵ هات و بەرسینگم كەوت. سەرەتا هەستم بەگەرمیێكی زۆركرد. بێویستیخۆم دەستی راستەم بۆسەرجێی برینەكە درێژكرد...پاش تاوێكی كەم هەستم بەبێ تین و تاویی و سەرماكرد...دیمەنەكانی بەردەمم سەرەوژێربوونەوە و چاوم رەشكوپێشكەی كرد، دڵۆپەئارەقەی سارد وەك ئاونگەكانی بنمیچی گەرماو بەسەر تەوێلمەوە دەركەوتن. هاوسەنگەرەكەم كوڕێكی گەڕەكەكەمانبوو و لەزووەوە هاوڕێتیمان هەبوو، ئەویش وەك خۆم كوڕی بێوەژنێكی بەدبەختبوو. بێئەوەی بشڵەژێ‌ و هاواربكات، توند رایتەكاندم. مرخەیەك لەدەمم هاتەدەر و سەرم بەلایەكداكەوت...چەندجارێك بانگی كردم، هاوڕێ‌ ...هاوڕێ‌، نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە. گوێم لەقسەكانی دەبوو..گوێم لەچپەی پێ‌ و چرپەچرپی باران دەبوو، كەبەر نایلۆنەكەی سەرسەرمان دەكەوت. ئەو هاوڕێیەم نەیهێشت دەماودەم یان بەلایەكا بكەومە ناو سەنگەرەكە، كە لەهەندێك جێدا گۆمیچكەی ئاوی تێدا وەستابوون، پشتی بەتارمەكەوەدام و رۆیشت تا بانگی هاوڕێكانی دیكەم بكات و ئەم هەواڵەیان پێبدات و لەوێ‌ بمگوازنەوە!!... چەند هەنگاوێك لێم دووركەوتەوە، دەنگە كپ و ترسناكەكانی  سەنگەر هەموو دەنگەكانی ئەم ناوەیان قووتدا.. هیچی وای نەبرد ویزەی چەند گوللەیەكی دیكە هات، كە یەكێكیان بەژوور سەرم كەوت و تۆپەڵە قوڕێكی بەسەرسەرمدا بەردایەوەو بەسەر سینگ و بەرباخەڵم شۆڕبووەوەو لەگەڵ خوێنەكەم ئاوێتەبوو.كە هاتنەوەسەرم، فەرماندەكەمان فەرمانیدا، لەبەتانیێك بمپێچن و بمگوازنەوە دواوە... دەنگی فڵقەفڵقی پێڵاوەكانیان كە لە قوڕەكە دەچەقین یان خزەیەكی نەرمی ناوبەناوی پێڵاوەكان كە لەقوڕەكە رادەزەلین*، لەگەڵ ئەو دەنگە بێنازكەوتووەی رادیۆی قیسارە، كە لەولا بێخاوەن كەوتبوو، دەبیسترا. 
  بەرەی دواوەمان لەلای دێیەكی نزیك سەنگەرەكانمانەوەبوو. ئەو هاوڕێ‌ چاو بەفرمێسكەم بەهەموو ئەركەكانی هەڵسا...لەوێ‌ دووریان خستمەوەو هەڵیاندامە پشتی ماشێنێك، ئەو هاوڕێیەم لەژوور سەرم دانیشت و گوێی بەتانیی لای سەری هەڵدامەوەو بەشەكەتی لەسیمای زەردی ڕوانیم و بەسەرسەرمەوە گریا و فرمێسكەكانی بەر روومەتم كەوتن، ئەوەی باشبوو زۆرنەشڵەژابوو، بەڵام دەمزانی لەناخەوە چەند ماندووە و چەند لەخەمی مندایەو رقێكی چەند ئەستوری بەرامبەر نەیارەكانمان لەدڵدایە،!!. هەموو تیپەكەمان بەزیرەكی و ئازایی ئەو هاوڕێیەم سەرسامبوون، بۆیە باش دەزانم هیچی وای بەسەر ناچێ‌ هەوڵی تۆڵەسەندنەوەم دەدا...هەرچەندە ناشزانین كێ بوو ئەو گوللەیەی تێگرتم، چونكە رووبەڕووی یەكترنەبووین...گوللەیەك لەقووڵایێكی تاریكەوە، ناتوانم بڵێم ئەوەندە كیلۆمەترە لەدوورەوە هات، بەڵام دەزانم لای پێشەوە هات و  لاچەپی سینگی هەڵتەكاندم...ئەو لایەی دولبەرێك بەكڕی، وەك كۆترێكی تەرەبوو بەردەوام لەنێویدا دەیگماند!! ئەورۆژە لەهەموو رۆژەكانی ئەم هەفتەیە تەنگتربوو، چونكە هەورێكی سەراپاگیرو زۆر نەوی سەرسەنگەرەكانی داگرتبووین. هەربە تەواوی ئەم ناوەی تاریككرد، كە پێشتریش لەبەرچاومان سوور و لێڵ دەینواند. پێش ئەو دەمەی كە گوللە وێڵەكە بێت...لەگەڵ هاوڕێكەم دەئاخڤیم و پێم گوت؛ دەبێ‌ ئەم شەڕە كەی كۆتایی بێ‌؟ خەریك بوو زیاتر بڵێم، كەچی ئەو بەرسڤی دامەوە؛ گەر بە ساغی لێیدەرچین، رۆژێك هەردێ كۆتایی بێت، بەتیزێكیشەوە گوتی؛ بەڵام دەترسم بە كەمئەندامیی لێیدەرچین و خۆشەیستەكانیشمان لێهەڵگەڕێنەوە و ئەوەی دەمانەوێ پێینەگەین. چونكە رۆژ نەبوو گەنجێكی خێرلەخۆنەدیوو لێرەوە نەسپێرنەوە بە باوەشی گۆڕستانێك!!  

***
 ماشێنەكە بەهۆی ئەو رێگا خراپەی پێیدا دەڕوات، هەڵبەز و دابەزدەكات. چەندجار هاوڕێكەم لەجامی دواوە دەدات و پڕ بەدەنگی هاواردەكات تا شوفێرەكە گوێی لێبێ‌، كاكە تۆزێك هێواش بە، بەڵام پێدەچێ‌ ئەویش پەلەی ئەوەی بێ‌ لەسەنگەرەكانی پێشەوە دووركەوێتەوەو خێرا بگاتە بەرەی دواوەو كرێی خۆی وەرگرێت.
 لەژێر هەنسك و گریانی هاوڕێكەم، خەیاڵم بۆ خوشكە تاقانەكەم دەچوو، كە هەموو خەمی من بۆ ئەو تەواوكردنی خوێندنەكەی بوو...تازە چۆن پێی دەخوێندرێ‌؟!. لەنێو گەرمەی ئەو خەیاڵانەدابووم، گوێم لێبوو یەكێك هاواری كرد پیكابەكە گەڕایەوە، پێدەچێ‌ شەهیدی دیكەمان هەبێت... لەگەڵ بیستنی ئەم رستەیە، موچڕكەیەك بەلەشمداهات. وەك خوێن بەگیانما گەڕابێتەوە وابوو...ئەو رۆژانەی بیرخستمەوە، كە پۆستەری شەهیدەكان لەقاپی داربییە گەورەكانی سەركانی مزگەوت دەدران و هەموومان بەسەرسامیی لەدیارییانەوە دەوەستاین، بەڵام ئەوەی من جیاوازبوو...تێكەڵەیەك بوو لەگەڵ یادگاری بەجێماو...ئەو یادگارییانەی خوێنێكی گەرمیان بەدەمارەكاندا دەجولاندم. لەنێو هەموو پۆرترێتەكاندا ئەو پۆرترێتە جوانەی باوكم قەت بیرناچێ كە لەوێنەكەیدا بزەیەكی قووڵ بەسەر لێوانییەوەبوو، بەلامەوە زۆر لەوبزەیە جوانتربوو كە دافینشی ناوبانگی پێ پەیداكرد... بەچواركەس منیان دابەزاند، هاوڕێكەم فرمێسكەكانی سڕین و لەلایەكەوە بەدیار تەرمەكەم راوەستا. فەرماندەی باڵا هاتەسەرسەرمان و ئاخێكی قووڵی هەڵكێشا و بەنیگەرانییەوە رستەیەكی لەدەم بەربووەوەو بەرئەوگوێیەمكەوت كە لەوەوە نزیكتربوو...ئەمڕۆ چوار شەهیدمانداوە.!!!! قۆڵی هاوڕێكەمی گرت و لەئێمەی دوورخستەوە.
   ئەوان لەوێ بەچپە دەدوان، ئەگەر كەسێكی زیرەك لەم ناوە هەبا و شارەزایی هەبایە لەزمانی جەستە باش لێیان تێدەگەیشت.. هەردووكیان بەخێرایی بۆ ئەمسەرەو ئەوسەر دەچوون و دەهاتنەوە، پێدەچوو قسەو گفتوگۆكانیشیان وەك هەنگاوەكانیان خێراو بێپسانەوەبێت. دەمزانی سێبەشی باسەكەیان لەسەر ئێمەبوو، لەسەر ئەو قەنناسەیەی بەرامبەرمانبوو،كە رۆژانە چەندانی لێدەپێكاین!!.  
تازە من لەوە تێگەیشتم، دەبێ‌ بڕۆم...خزم و خوێشەكانم جێبهێڵم...رەنگە خۆڵاوییەكانی سەنگەر...ئەو رەنگانەی تەنانەت سیمای هاوڕێكانیشی داپۆشیبوو، جێبهێڵم. لەهەنسك و گریان و رق و توڕەیی دووركەومەوە...لەماندووبوونە ئازاراوییەكانی دایكم، لەخەندە تەڵخەكانی خوشكم، لەبێباكی هاوسەنگەرەكانم دووركەومەوە... ئەو رەنگانە جێبهێڵم كە ساڵانە دووپاتدەبنەوە...لەزرمەو ویزەی هاوەن و گوللە دووركەومەوە...لەفەرمانی ئەو فەرماندارە نەفامانە دووركەومەوە كە خودا تەنها بۆ فەرمانكردنێك دروستیكردوون، كە رێنوێنیمانكەن بۆ كوشتن!!. 
 دڵنیام ئیدی ئەو هاوڕێیەم چیدی خەندەیەك لەسەر لێوەكانی نازێ‌. بەڵام دەبمە رۆحی شانازیێك لەدڵیدا دەچەقم، لەكۆڕی قسەكردندا ناوم دەهێنێ‌ و جاروباریش بەسەری من سوێند دەخوات... ئەو شەوانە زیاتر لێم نزیك دەبێتەوە، كە دەیەوێ‌ خۆی مەستكات، لەوێ‌ جارێكی دیكە بە بەڵێنە وەفادارانەكەیدا دەچێتەوە. لەوە دەترسم یەجگار مەستبێ‌ و تەشقەڵە بەو كوڕە شاگردە بكات، كە لەیانەی شارۆچكەكەماندا كاردەكات، بەڵام ئەویش وەك ئێمە باوك شەهیدە، ئەمە خاڵی هاوبەشمانەو دواجار بەوەدەزانێ و لەدڵەوە خۆشی دەوێ‌... دەزانم هەر كە ئەو بەتەنیادەبینێ، پرسیارێك لەمێشكی ئەو كوڕە شاگردەدا دەسوڕێتەوەو دەیەوێ‌ بەهاوڕێكەمی بڵێت، كەچی دەترسێ‌ توڕەی كات، بۆیە چەندجارێك كە دەچێتەسەر مێزە لاپەڕگەكەی و دەیەوێ‌ هەواڵی منی لێبپرسێ‌ و پێی بڵێ‌؛ ئەی كوا هاوڕێكەت؟!، بەڵام خۆی دەگرێ‌ تا ئەم ناوە چۆل دەبێ و هاوڕێكەم بەتەنیا لەو گۆشەیەدا دەمێنێتەوە، كە هەمووجار لەم گۆشەیەدا وێنەی دولبەرەكەی لەباخەڵی دەردەهێناو نیشانی دەدام و لەدڵەوە پێی دەگوتم ؛ تۆبڵێی  من و ئەوە بەیەك بگەین؟!كە وەڵامەكەم درەنگ دەكەوت، ترسێك دەچەقییە دڵی و بێخۆگرتن دەیگوت؛ بەخوا تۆشتێك شك دەبەیت و پێم ناڵێیت.
 سەرم لەو هەموو بێدەنگییەی ئەم پیاوە سوڕدەما، كەچی كە دەیخواردەوە كەس لەو ئاوەدانترنەبوو. ئەوە بۆمن خەڵاتێكی گەورەبوو، بۆیە زۆر ئارەزووم دەكرد بەیەكەوە دەرچین تا لەو نهێنییە قوڵە تێبگەم و بزانم ئەو هەموو پەیڤانە چۆن لەپشتی ئەو زمانە لاڵە دەردەچن!!."ئەو" ئەودەمانە لەو گۆرانیبێژە لاڵەپەتانە دەچوو كە لەقسەكردنا گرفتاری دەربڕینن، كەچی لەگۆرانیی گوتنا هیچ كێشەیەكیان نیە.
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، خۆی بانگی بكات و ئەو پرسیارە قوڕمیشكراوەی سەرزمانی شاگردەكە بەتاڵكاتەوە بە دركاندنی راستیێك..ئەو راستییەی لەو مێخە دەچێ، كە بێ بەنج لەگۆشتی دەردەهێنن، بەڵام چارەی نیە دەبێ ئەمشەوە هەر بیدركێنێ و تۆزێك ئارامبێتەوە، بەدركاندنی راستیی شەهیدبوونی من شاگردەكە تێدەگات و لەپڕ دەستەكانی توند لەیەكتر دەدات و ئاخ هەڵدەكێشێ‌، لەدڵەوە چەند رستەیەكی جیدی دەڵێ‌، كە ئەمانە وەك بەڵێنێك دەردەكەون، لەنێوان ئەو و هاوڕێكەمدا.

***
  چەند رۆژێكی كەمی ماون هاوڕێكەم بگەڕێتەوە بەرەكانی جەنگ. جاران هەر كە سەری پۆستەمان دادەهات بەگورج و گۆڵی دەهات و لەدەرگاكەمانی دەداو نەدەهاتەژوورێ‌، تا من بەخۆم دەكەوتم لەدەرێ‌ رادەوەستاو نەرمە گۆرانی دەگوتن و ناوبەناویش هاوارێكی دەكرد؛ دەی زووبە خۆ ناچینە سەرشایی ئاوا خۆت كەشخە دەكەیت، هەر دوو كاتژمێری دیكەیە لەناو قوڕو چڵپاو دەتبینمەوە... بەڵێ‌ بەر لەدووسەعات لەنێو قوڕو چڵپاوی سەنگەرەكەدابووین، بەخۆزگەكانماندا دەچووینەوە، ئەوەندە خۆزگەمان دەردەبڕی، كە هێندێكیان ئارەقەی مەحاڵ لەنێوچاوانیان دەچۆڕا، خۆزگەكانمان لەگەڵ ئەو بارودۆخە نەدەگونجا، كە وڵاتی تێكەوتبوو. ئێمە لەنێو ویزەویزی گوللە دەمانەویست باس لە پیاسەی پاركێكی جوان و رازاوە بەگوڵ بكەین و دەستی ئەو كچانە بگرین كە خۆشماندەویستن...باسمان لەڕەوینەوەی تەمی شەڕدەكرد، بێئاگا لەوەی ئەمە چەند قسەیەكی بێماناو پڕوپوچە، كە لەگەڵ پرانسیپەكانی قازانج...قازانج بۆ باخەڵ و ویژدانی بازرگانانی شەڕ یەك نەدەهاتەوە. بیرمە بەرلەوەی ئەم گوللە وێڵە بەردڵم بكەوێ‌، باسم لە كۆتایی هاتنی شەڕ دەكردو وەك پرسیارێك ئاراستەی هاوڕێكەم كرد.ئێستاش وا لەتەك سێ‌ شەهیدی دیكە لەپەنای یەكتر ریزكراوین، پێدەچێ‌ لەسەر ئەوە وەستابن تا ئاڵای وڵاتمان بۆ دێنن و بەسەر لاشەمانیدادەدەن، تا هیچ نەبێ‌ ئەگەر خەڵكانێكیش بمانبینێ‌ بەزەیی پێماندابێتەوەو هەستی نیشتمانیان بجوڵێ‌ و ببینە مەراقێك لەدەروونیان...یان هیچ نەبێ‌ ئاوێك بەدڵی سووتاوی دایكەكانماندا بكات، كە بانگهێشتكراون بۆسەر قەبران تا لەمەراسیمەكە بەشداربن.

 تا دەمگەیەننە سەرقەبران، بیرم هەر لای دایكمە...دەزانم بەرگەی ئەم كۆستە ناگرێ‌، هەر كە كەژاوەكە دەبینێ‌ لەباوەشی ژنە بەجەرگەكانی گەڕەك دەبوورێتەوە. خوشكەكەشم كە ناهێڵن بێتە سەرقەبران، بەهەزاران فڕوفێڵ دووری دەخەنەوە، تا ئەویش...ئەوی تازە پێگەیشتوو بەم كۆستە نەزانێ‌ و نەزانێ‌ برا ئازیزەكەی لەنێو ئەو ریزە شەهیدەیە كە ئاڵای وڵات باڵاپۆشیكردوون. من حەزناكەم كەوا رێگری لێدەكەن، پێمخۆشە بهێت و گوێم لەگریانی بێت.. گوێم لەقسەكانی كۆتایی ئەوبێت و لەمانای دڵتەنگییەكەی تێبگەم...حەزدەكەم هەڵسمەوەو ئەوەی بەگوێدابدەم، كە تازە من شەهیدم!. تازە رووبەڕوو یەكتر نابینینەوە، دەمەوێ دڵنیای كەمەوە بەسەر سەریەوە دەبم، تا گەورە دەبێت ..تا بەئاواتەكانی دەگات، دەمەوێ پێی بڵێم قەینا خوشكەكەم قەینا لەخەونەكانت دێمەژوورێ‌، لەوێ‌ رێنوێنیت دەكەم...خەم مەخۆ خوشكە تاقانەكەم خەم مەخۆ، منیش دەساڵ لەمەوبەر وەك تۆبووم كە باوكمان شەهیدبوو، چۆن لێنەگەڕان تۆ بێیت و بۆدواجار بمبینی، منیشیان ئاوا هەڵخەڵەتاند، نەیانهێشت باوكم بۆدواجار ببینم...دەمەوێ ئازایەتی وەبەرنێم و سڵ لە مەینەتییەكانی داهاتوو نەكاتەوە..دواجار دەمەوێ ئەوەشی پێبڵێم؛ خۆمن هەر تەنها ئێوەم جێنەهێشت، ئەو كچەشم جێهێشت كە بەنیازبووین لەدوای ئەو جەولەیەی شەڕ داخوازیكەم. بەنیازبووم بۆ مانگی هەنگوینی سەدان كیلۆمەتر لێرەی دوورخەمەوەو لەشوێنێكی ئارام ئەو رۆژانە بەسەربەرین. ئاگادارم ئێستا دڵی ئەو لەهی هەمووتان بەكوڵترە...دەزانم ئیدی بێئەوەی شەرم لەدایكی یان لەباوكی یان لەبراكانی بكات فرمێسك دەبارێنێ‌، خواردن لەخۆی حەرامدەكات... ژیان لەبەرچاوی تاڵدەبێ‌، دەیەوێ‌ بمرێ‌، چەندجار هەوڵی خۆكوشتن دەدا، بەڵام رزگاری دەكەن... تا رۆژبەڕۆژ ئەویش ئارامدەبێتەوەو خۆی دەسپێرێتەوە بەو ژیانە ئاساییە...هەرچەندە دڵی لای من دەبێ‌، بەڵام بەدووركەوتنەوەی رۆژگار لەم رووداوە، ئەویش لەیادەوەرییەكانی دووردەكەوێتەوە. ئینجا هەوڵدەدات كوڕێك بدۆزێتەوە لەخۆم بچێت...بەردەوام دەبێ‌ تا ژیان دەرفەتێكی دیكەی پێدەبەخشێتەوەو هەناسەكانی بەڕوودادەكاتەوەو رۆژەكانی ئاڵدەكات. ئەو فەرامۆشی بەوەدێت كە نۆبەرەكەی بەناوی منەوە ناوبنێ‌، كەئەگەر لەسەر ئەم ناوە لەگەڵ هاوسەركەی لێیان نەبێ‌ بەكێشە.
4-
 ئێمە ئێستا لەشوێنێكی تەختی سەرگۆڕستان ریزكراوین، فەرماندەی باڵای ناوچەكەو بەرپرسە حزبییەكان و بەهەزاران هاووڵاتی رژاونەتە ئەم ناوە تا مەراسیمێكی شكۆدارانە بەڕێوەببەن. فەرماندە، دەستەیەك هەڵدەبژێرێ‌ لە چەكدارەكان بۆئەوەی چەند گوللەیەك بتەقێنن، بەرلەوەی بەخاكمان بسپێرن. كە پێشتر لەو حاڵەتەم نەپرسیوە، ئەم تەقەیە بۆچییە؟ بەڵام تازە تێگەیشتم ئەمە نیشانەیە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ!!...ئەمە ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ ئەوانەی لەڕێوڕەسمەكە بەشدارن، كە شەڕ بەردەوامەو بەردەوامی دەبێ‌ تا تۆڵەی ئەم شەهیدانە دەكرێتەوە. دوای ئەوە بەرپرسی یەكەمی حزب لەم ناوە بەوتارێكی ئامادەكراو كە لەباخەڵی دەریدێنێ‌ و دەستدەكات بەپیاهەڵدانمان...ژیاننامەمان ئاوێتەی ریزێك درۆ دەكات، ئەوەندەمان پیاهەڵدەدات تەریقمان دەكاتەوەو ناچارماندەكات سوێمان لەخۆمان نەبێتەوە، كە بەجوانی شەهیدبووین و ناچارماندەكات بڕوا بەوە بێنین كە ئەو رێگایەی هەڵمانبژارد و لەپێناوی شەهیدبووین، راست و دروستبوو نەوەك ناچاری.
 هەموویان دەڕۆنەوە، دایكم پڕكێشی زۆردەكات بمێنێتەوە، بەڵام چوارمەشقی هەڵیدەگرن و دووری دەخەنەوە، دواكەس كە دەمێنێتەوە هاوڕێكەمە...كە دەیەوێ‌ قسەی كۆتایی خۆی بكات. بەو بەڵێنە دەستپێدەكات كە یەكەمجار بەیەكتریماندابوو ( هەر یەكێكمان پێشتر كوژراین، ئەوا ئەوەی دیكە بەوەفاداری بمێنێتەوەو تابشتوانێ‌ تۆڵە بكاتەوە) ، بەڵام ئەو تۆڵە لەكێ‌ بكاتەوە؟ خۆ بكوژەكەی من دیارنیە، ئەو كێ‌ بكوژێ‌؟ مەگەر كۆمەڵكوژی بكات تا ئەو كەسە بەردەكەوێت كە منی كوشتووە، ئەمەش كارێكی مەحاڵە. خۆزگە گوێی لێم دەبوو تا پێمبگوتبا؛ بڕۆ هاوڕێ‌ جێمبێڵەو ئەوە لەبیری خۆت دەركە، كە ناوی تۆڵەیە، بڕۆ نەفرەت لەشەڕبكەو چیدی بەوشەی پاڵەوان یان كوڕەئازاكە هەڵمەخەڵەتێ‌، ئەمانە گەمەی زمانن بۆ لەخشتەبردنی دەیانی وەكو ئێمە، بڕۆ خوازبێنییەكەت تەواوبكەو دەستی دەزگیرانەكەت بگرەو لێرە دووركەوە، چونكە پێدەچێ‌ كەس لەم كورەیە رزگاری نەبێت، تازە من رۆیشتم، بەڵام با یەكێك بمێنێتەوە یادگارییەكانمان بگێڕێتەوە. 

* رادەزەلین : هەڵدەخلیسكان 
 21/ 9/ 2012 هەولێر 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق