حەسەن هەندرێنی
هەركاتێك بەرپرسێكی باڵای ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەردانی وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەكات، رۆژنامەنووسانو چاودێرانی سیاسیو سیاسەتمەداران بەخۆیەوە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی سەفەرەكەی دەكات. ئەمەش بۆ گرنگی پێگەی ئەمریكا دەگەڕێتەوە لەناوچەكە لەئاڵۆزكردن یان چارەسەركردنی كێشە بەردەوامو نەپساوەكانی ئەم دەڤەرە.
هاتنی ئەمجارەی تیلرسۆن (وەزیری دەرەوەی ئەمریكا) بۆ هەریەك لە وڵاتانی( توركیا، ئەردەن، میسر، لوبنان، كوێت) لەجارەكانی دیكەی ناچێ، بەتایبەت بۆ توركیا، كە گەشتەكەی لەوێوە دەستپێدەكات، چونكە سروشتی پەیوەندییەكانو جۆری مامەڵەكردنەكانی ئەمریكا گۆڕانیان بەسەرداهاتووە، لەلایەك بەرەی بەرامبەری ئەمریكا كە روسیا سەركردایەتییەكەی گرتۆتەدەستو ئێران وەك وڵاتێكی بەهێزو خاوەن نفوز جێی تێداگرتووەو هەر رۆژ هەڕەشەكانی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەهەڵكشاندان بەتایبەت ئەوەی لەسەر زەمین دەیبینین لە سوریا، لوبنان، عێراق، یەمەن. هەروەها لەپاڵ ناوی ئێران ناوی توركیاش دێت، ئەمەش گۆڕانێكی گەورەیە لەهاوكێشەی دەیان ساڵی رابردووی نەخشەی هاوپەیمانێتییەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا، بۆیە ئەم جێگۆڕكێیە بۆتە جێی نیگەرانی ئەمریكا. ئەم دابەشكارییە نەخشەی دابەشبوونی هێزەكانمان دێنێتەوە یاد لەهەردوو جەنگە گەورەكەی جیهان، ئەمە واقیعێكەو بەڕوونی هەستی پێدەكرێ، هەرچەندە زووە بۆ تۆخكردنەوەی ناوی ئەو وڵاتانە كە لەڕیزبەندییەكاندا ناویان دێ.
لەئێستاوە توركیا بۆ ئەمریكاو ناتۆ بۆتە جێی خاڵی مشتومڕو گفتوگۆی بەردەوام، چونكە هەڵسوكەوتەكانی چەند ساڵی رابردووو بەدیاریكراویش فەرزبوونی دەسەڵاتی ئەردۆغان بۆ سەر گەلانی ناو توركیاو پەلهاوێشتنیو بڕینی سنووری هەریەك لە عێراقو سوریا!! بەبیانووی هەبوونی تیرۆر! كە ئەمە لەلایەن وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا تەنها وەك وەهمێكی ئەردۆغان لێكدەدەنەوە. بەڵام ئەمریكا قسەی جدی نەبووە لەسەر ئەم هەنگاوانە تەنها هەندێ هەنگاوی كرداری لەچوارچێوەی چالاكیی سەربازییدا نەبێ لەرۆژاوا كە وەك رێگری دەركەوتن بۆ هاتنی توركیا بۆ ناو خاكی سوریا، بەڵام هەنگاوەكانی ئەو بیست رۆژەی رابردوو و دەركەوتنی سوپای توركیا وەك هێزێكی پەلاماردەر لەوەدەچێ گلۆپی سەوزی رووسیای بۆ هەڵكرابێ و ئەمریكاش لاری نەبێ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەبەرامبەر ئەم تابلۆیەدا تا ئێستا وەك مناڵێكی تاساو لەبەرامبەر دیمەنێكی ترسناك دەستەپاچەن!!.
سەرەڕای هەموو ئەم بێدەنگییە سامناكەی دنیا بەرامبەر ئەو پەلاماردانە ناڕەوایە بۆ سەر عەفرین، ئەوەی ئەردۆغان دەیەویست لەشەو و رۆژێكدا بەدەستیان بێنێ تا ئێستا شتێكی وایان بەدەست نەهێناوە كە ببێتە مایەی دڵخۆشیی بۆیان، ئەگەر هەیە هاوكێشەكە پێچەوانەش ببێتەوە و ئەردۆغان بەریسوایی لەجەنگەكە بێتە دەرێ.
هەموو دراوەكان ئەوەمان دەدەنێ كە سیناریۆی كۆبانێ لە عەفرین دووبارە ببێتەوە، بەڵام لەهەلومەرجی جیاواز، ئەگەر لەسەرووبەندی هێرشەكانی سەر كۆبانێ داعش كاراكتەری سەرەكی بووبێو هەڕەشەكانی دڵی ئەوروپای ترساندبێ، ئەمجارە داعش بوونی نیە، بەڵام لەبری داعش هەڕەشەی كونتێبوونی سنوورەكانی توركیا ئامادەن بۆ هەڵڕژانی كۆچبەر بەرەو ئەوروپا، ئەمە تاكە كارتە بەدەست توركیا كە خۆی پێبادەدات. بەڵام وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا باش دەرك بەوە دەكەن لەئەگەری سەركەوتنی توركیاو كۆنترۆلكردنی عەفرینو ئەم سنوورانە ئەوا پانتایی سنوورەكانی بەیەكگەیشتنی توركیا لەگەڵ ئەوروپا زیاددەبن و هەڕەشەكانیش گەورەتردەبن، بۆیە وا چاوەڕوان دەكرێ ئارامی وڵاتانی ئەوروپا بشكێو ئەمریكا لەڕێی تیلەرسۆن پەیامی توندی پێبێ بۆ توركیا كە چیتر سەركێشی بە توركیا نەكات وەك وڵاتێكی گرنگ بۆ هاوپەیمانێتی ئەمریكا و ناتۆ. لەبەرامبەر ئەوەشدا رەنگە تاكە مەرج كە توركیا بیهێڵێتەوە لەسەر ئەمریكا ئەوەبێ دەستبەرداری شەڕڤانان ببێ... بۆ ئێمەی كورد پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئەمریكا لەسوریا دەیكات لەبەر خاتری كوردە یان پاراستنی بەرژەوەندییەكانییەتی؟ بێگومان هەردووكیانە بە پاشوپێشكردنی پرسیارەكەو هێنانەپێشی بەرژەوەندییەكانی و رووانینی لەكورد وەك تاكە هێزی پشت پێبەستوو لەسەر خاك كە تەواو لەگەڵ ستراتیژەكانی ئەمریكا دێتەوە، بۆیە ئاسان نابێ بۆیان دەستبەرداری كوردببن لەوێ، لەلایەك كوردەكان دژ بەداعش لەگەورەترین بەرەی سوریادا جەنگاونو سەركەوتنیان بەسەر قەڵای داعش لە رەققە هێنا لەلایەكەی دی ئەو تەباییەیان نییە لەگەڵ رژێمی ئەسەد یان ئەو كەس و گروپو حزبانەی بەناوی ئۆپۆزیسیۆن لەكاردان تا ئاییندەی سوریا بگرنە دەست، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە هێزە كوردییەكان لەوە تێدەگەن كە یەكپارچەیی خاكی سوریا لەبەرچاوبگرن، كە ئەمریكا لەعێراقو سوریاجەختی لەسەر دەكاتەوە. لەبەرامبەردا ئەوەی كوردەكان چاوەڕوانیان لەئەمریكا هەیە ئەوەیە: فەرزركردنی سیاسەتی ئەمری واقیعە كە كوردەكان لەسەر خاك بەدەستیان هێناوەو گەیشتنیانە بەدەریا كە هەر شەو خەونی ئەردۆغان دەزرێنێ.
بەخۆڕاگرتنی زیاتری شەڕڤانانی هەسەدەو پشتتێنەكردنی ئەمریكا لێیانو نەزۆكبوونی خەونی ئەردۆغان لە سوریا... رۆژانی داهاتوو وەڵامی جیاواز وەردەگرینەوە.