الأحد، 1 نوفمبر 2015

رۆمانی باڕۆنی سەردارەكان

حەسەن مستەفا
 هەر رۆمانێك تایبەتمەندی خۆی هەیە یان بابڵێین لەناوەوەی خۆیدا كۆمەڵێك جیاوازی هەڵدەگرێ‌و هەموو ئەم خاڵە جیاواز‌و پێكناكۆكانەش لەپنتێك یان چەقێك بەیەكدەگەن. ئەكرێ ئەم پنتە، دەست یان ئەقڵ یان بیركردنەوە یان كار‌و ئاكاری كاراكتەری سەرەكیی رۆمانەكەبێ.
رۆمانی باڕۆنی سەردارەكان، كۆمەڵێك سەرنجی نوێ‌و شێوازی تازەی بۆ ئاوەڵاكردم، رەنگە لەڕۆمانەكانی دیكەدا كەپێشتر لەنێوڕەفەدا دامگرتوون بۆ خوێندنەوە، ئەوەندە پرسیار‌و گومان‌و سەرسامییان لەلا دروست نەكدربم...ئەم قسەیەم بەو مەبەستەنیە كە ئەم رۆمانە گرنگترە لەرۆمانی نووسەرەكانی دیكە، بەڵكو جیاوازترە، جیاوازییەكەیشی لەپێكدادانی راستەوخۆی ژیانی واقیعی‌و فەنتازیی كاراكتەری سەرەكی دەبینمەوە، كە ئەیەوێ لەو ریتمە ئاساییەی ژیان دامانبڕێنێ، كە هەموومان بەزەوییەوە لكاوین‌و لەسەر زەوی دەڕۆین‌و پاڵدەكەین‌و دەخۆین، نووسەر لەڕێی پاڵەوانی رۆمانەكە، ئەم ریتمە ئەشێوێنێ‌و ئەیەوێ نموونەیەكی سەرنجڕاكێشمان پێشكەش بكات، ئەوەمان پێبڵێ: كە مەرج نیە هەر زەوی پێیەكانمان راگیربكات‌و بتوانین بەئاسانترین شێوە لەسەری بژیێین، ئەزموونكردنی ژیان لەسەر دارەكان لای كۆزیمۆی پاڵەوان ئەوەمان پێدەڵێ:بەڵێ مرۆف ئەتوانێ‌ سنوورە باوەكان، كە هەندێكیان بێویستی ئێمە لەژیانی ئێمەدا نەخشەڕێژكراون، تێكبشكێنرێن. یان رووبەڕووی پرسیارێكی فەلسەفیمان بكاتەوە، ئایا تۆ هەرگیز بیرت لەوەكردۆتەوە، كە بۆچی لەسەر زەوی دەژییت. بۆ لەسەر دارەكان نەژیاوییت. ئەوەی گرنگە لەم رۆمانەدا ئەوەیە مرۆف هەرچەندە دووربڕوات یان هەرچەندە داببڕێت لەكۆمەڵگای مرۆفایەتی، بەڵام ناتوانێ ئینتما‌و خۆشەویستی بۆ تاكەكانی ناوكۆمەڵگاكەی لەدەستبدات، بەڵكو خەبات دەكات بۆڕاگرتنی ئەم پەیوەندییە‌و تەنانەت بەشداریش دەكات لەهەموو خەون‌و خولیاكانیان... پێمان دەڵێ: عەشق نە لەسەرزەوی نەلەسەردارەكان نامرێ. هەروەها خۆشەویستی نیشتمان‌و گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان لەڕێی شۆڕش‌و راپەڕین ئەمانە هەرگیز بەم دووركەوتنەوەیە لەناوەرۆكی ئینسانیبوونمان دوورناكەونەوە.
ئەوەی بۆمن گرنگ بوو لەم رۆمانەدا، رۆڵ‌و گرنگی كتێبە، كە چۆن مرۆفەكان دەگۆڕێ...چۆن چەتەیەكی وەك جۆفانی خەلەنگ لەڕێی خوێندنەوەی كتێبەوە دەبێتە مرۆفێكی تر یان چۆن كاریگەرییەكانی لەسەر كۆزیمۆ جێدێڵێ‌و وایلێدەكات لەكەسێكی ئاسایی‌و مرۆفێكی دوورەپەرێزی درەختنشین دەیكاتە رۆشنبیرێك‌و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ زاناكان‌و نووسەرە ناودارەكان دەكات...تەنانەت كەسایەتییەكی كاریزمایی وەك ناپلیۆن ناچاردەكات كە بڵێ: گەر من ناپلیۆن نەبام حەزمدەكرد كۆزیمۆبام. بۆیە، ئەم رۆمانە تەواوجیاوازە. 
هیوادارم هاوڕێكانم بیخوێننەوە‌و لەچێژبینینی بێبەش نەبن. 
جێی باسە نووسەری ئەم رۆمانە 300 لاپەڕەییە، ئیتالۆ كالفینۆیە، وەرگێڕەكەیش عەتا نەهایی" رۆماننووسی ناوداری كوردە كە بەسەلیقەی ئەدەبیی‌و زمانە جوانەكەی خۆی لەزمانی فارسی وەریگێڕاوە.